"لە لیستی تیرۆرن"

ئەمریكا: پێویستە بەغدا بێ دواكەوتن تۆمەتبارانی هێرشەكەی كشتوكاڵ بداتە دادگا

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا لە راگەیاندراوێكدا داوا لە حكومەتی عێراق دەكات، تاوانبارانی هێرشكردنەسەر فەرمانگەیەكی كشتوكاڵ لە بەغدا بەبێ دواكەوتن بداتە دادگا. ئاشكراشی دەكەن، ئەوانەی هێرشیان كرد جەماعەتی كەتایبی حزبوڵا بوون.

باڵیۆزخانەكە ئەمڕۆ دووشەممە 28.7.2025 لە راگەیاندراوێكدا لە تۆڕی ئێكس، لە بارەی رووداوەكەی بەغدا نووسیویانە، “پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی قوربانیانی دەستی كەتایبی حزبوڵا دەكەین، كە لە لای ئەمریكا وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی پۆلێن كراون و سەر بە هێزەكانی حەشدی شەعبین”.

هەروەها هاتووە، “رۆژی 27ی تەمووز (دوێنێ) هێرشیان كردە سەر فەرمانگەیەكی وەزارەتی كشتوكاڵ، بۆ ئەمەش هەست بە خەمباری دەكەین بۆ لەدەستدانی چەند هاوڵاتییەكی مەدەنی و ئەندامانی پۆلیسی فیدڕالی، هیوای چاكبوونەوەش بۆ بریندارەكان دەخوازین”.

باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا، هەروەها دەڵێت، “داوا لە حكومەتی عێراق دەكەین رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ ئەوەی تاوانباران و فەرماندەكانیان رادەستی دادپەروەری بكات و بەبێ دواكەوتن بدرێنە دادگا، چونكە ئەم پرسە كارێكی سەرەكییە بۆ پاراستنی سەروەری یاسای و رێگەگرتنە لە دووبارەبوونەوەی كاری توندوتیژی.

دوێنێ ژمارەیەك چەكدار هێرشیان كردە سەر فەرمانگەیەكی سەر بە وەزارەتی كشتوكاڵ لە بەشی كەرخی شاری بەغدا و بووە شەڕ و پێكدادان لەگەڵ هێزەكانی پۆلیس، لە ئەنجامدا بەپێی زانیارییەكانی ئاژانسی فرانس پرێس سێ كەس كوژران، كە یەكێكیان پۆلیس و یەكێكی دیكە هاوڵاتییەكی ئاسایی و هەروەها كوژراوێكیش لە هێرشكارەكان بووە، هەروەها چەند كەسێكی دیكەش بریندار بوون.

هێزە ئەمنییەكانی عێراق رایانگەیاند كە 14 كەسیان لەو هێرشكارانە دەستگیر كردووە، هەروەها سەرۆك وەزیرانی عێراق داوای پێكهێنانی لیژنەی لێكۆڵینەوەی كرد.

گرووپێکی چەکدار لە بەغداد هەڵیانکوتایەسەر بینای بەڕێو...

گرووپێکی چەکدار لە بەغداد هەڵیانکوتایەسەر بینای بەڕێوەبەرایەتییەکى کشتوکاڵ