قوتابی پۆلی 12یە
“لەگەڵ هاوڕێیەکانی چوو بۆ مەلەکردن و خنكا”
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
گەنجێکی ناحیەی یەسربی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین لەکاتی مەلەکردندا لە رووباری دیجلە خنکا، پاش نیو کاتژمێر لە لایەن هاوڕێکانییەوە تەرمەکەی دەرهێنرا
یوسف جاسم، شایەتحاڵێکی رووداوەکەیە و کورتە ڤیدیۆیەکی ساتی دەرهێنانی تەرمەکەی بۆ 964 ناردووە و دەڵێت، “هەفتانە لەگەڵ ژمارەیەک گەنجی ناحیەکەمان بۆ خۆفێنکردنەوە روو دەکەینە رووبارەکەی نزیک سنوورەکەمان و ئەمڕۆش وەک رۆژانی تر هاتینە سەر رووبارەکە بۆ مەلەکردن، پاش چەند خولەکێک یەکێک لە هاوڕێیەکانمان دیار نەما و بێ سەروشوێن بوو، وەک پێویست شارەزایی مەلەکردنی نەبوو”.
هەروەها وتی، دەستبەجێ لە لایەن هاوڕێکانمانەوە دەستمان بە گەڕان و پشکنینی چڕی ئاوەکە کرد، پاش نیو کاتژمێر بە دووری 200 مەتر تەرمەکەمان دۆزییەوە و دەرمانهێنا، کەسوکاریمان لێ ئاگادار کردەوە و تەرمەکەش رەوانەی پزیشکی دادی سەڵاحەدین کرا”.
گەنجەکە ناوی “کەریم غالی”یە و تەمەنی 19 ساڵە و خەڵکی ناحیەی یەسربە لە پارێزگای سەڵاحەدین و قوتابی پۆلی12ـیە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا