"دەبین بە خاوەنی برنجی دەرەجە یەک"
جوتیارە نموونەییەکە برنج بە شێوازێکی نوێ دەچێنێت
964+
ئەمەل ناجی – هەڵەبجە
ئازاد محەمەد جوتیارە نموونەییەکەی کوردستان نزیکەی 10 ساڵە سەرقاڵی توێژینەوەیەکە لەسەر بەرهەمهێنانی برنج، کە چۆن وا بکات بە ئاوێکی کەمتر برنج بەرهەمبهێنێت و لەگەڵ کەمئاوی ئەم ساڵانەی دواییدا بگونجێت، ئێستا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و وەک خۆی دەڵێت، “دەبین بە خاوەنی برنجی دەرەجە یەک”.
“بیرۆکەکەم لە رایتەری ئۆتۆمبێلەوە بۆ هاتووە کە چۆن ئاو دووبارە بەکاردەهێنێتەوە و پێویست ناکا بەردەوام ئاوی تێبکرێت، منیش بە حەوزێک و دینەمۆیەک وامکردووە کە ئەو ئاوەی بۆ ئاودانی برنجەکە بەکاردێت، هیچی بە فیڕۆ نەڕوات و بەردەوام لە گەڕاندا بێت و ئاوە زیادەکەش بێتەوە ناو حەوزەکە”، ئازاد محەمەد وای بە 964 وت.
دەشڵێت، “لە زەویەکەی خۆمدا 10 جۆر برنجم چاندووە، ئەمساڵیش لە شوێنێکی دیکە 10 دۆنممان بەم شێوازە چاندووە، بەرهەمی برنجەکە 10 هێندەی برنجێکی ئاساییە، رێژەی بەکارهێنانی ئاویش بەهیچ جۆرێک بەراورد ناکرێ بە بەرهەمهێنانی برنجی ئاسایی، ئەوەندە ئاوی کەمی دەوێ”.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری