ته‌مه‌نى زیاتر له سه‌ده‌ونیوێكه
كاروانسه‌را دێرینه‌كه‌ى كۆیه مه‌ترسی له‌ناوچوونى لەسەرە
964+
دەریا ئەحمەد – کۆیە
كاروانسه‌را دێرینه‌كه‌ى كۆیه كه به خانی گەورەی کۆیە ناسراوە، ته‌مه‌نى زیاتر له سه‌ده‌و نیوێكه شوێنه‌وارێك ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر نۆژه‌ن نه‌كرێته‌وه مه‌ترسی له‌ناوچوونى یه‌كجارى له‌سه‌ره.
خانەكه، لەساڵی 1860 دروستکراوە، وەکو سەنتەرێکی بازرگانی لە نێوان هەولێر، سلێمانی، کەرکوک، موسڵ و بەغداد و هه‌ردوو به‌شى رۆژئاوا و رۆژهه‌ڵاتى كوردستانیش بووە.
هێمن نەعمان، شوێنەوارناسە بە 964ـی وت، ئەم خانە 165 ساڵ لەمەوبەر لەلایەن مەحموود ئاغای غەفوری کە برا گەورەی غەفووریەکانی کۆیە بووە دروستکراوە، مەبەستی درووستکردنەکەشی بازرگانی بووە، کە بازرگانان بەرهەمەکانی خۆیان لە شارەکانی ترەوە هێناوە و لێرەوە مامەڵەیان پێوەکردووە و دابەشکراوە بەسەر شار و دوکان و بازاڕەکاندا.
وتیشی “شێوازی دروستکردنی بەهەمان شێوەی ئەو خانانەی دیكه بووە کە لە کەرکوک و موسڵ و خانەقین و ناوچەکانی تردا هەبووە، كه لە دوو نهۆم و چەندین ژوور پێکهاتووە”.
خانەکە، دیوار و دەرگای بەهێزی هەبووە، نهۆمی سەرەوەی خانەکە شوێنی مانەوەی بازرگان و رێبواران بووە، نهۆمی خوارەوەش وەک کۆگایەک بۆ کەلوپەلەکان و تەویلەیەک بۆ ئاژەڵی بازرگانەکان بەکارهاتووە.
ئه‌م شوێنه‌وارناسه ده‌ڵێت، ئەگەر پارەی پێویست بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى تەرخان نه‌کرێت، مه‌ترسی له‌ناوچوونى له‌سه‌ره.
لایخۆشییه‌وه، یەکێتی واحید بەڕێوەبەری فەرمانگەی شوێنەواری کۆیە بە 964ـی وت “دەرخستەمان بۆ نۆژەنکردنەوەی کردووە و داومانە بەلایەنی بەرپرس لە سەروو خۆمان کە نزیکەی یەک ملیار دیناری پێویستە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە تا ئێستا وەڵاممان وەرنەگرتووە”.
پێداچوونه‌وه: فه‌رهاد حه‌سه‌ن