"بەمزووانە دەگەڕێنەوە کوردستان"

24 گەنجی کوردستان لەڕێی گەیشتن بە ئەوروپا لە لیبیا دەستگیر کراون

964+

شۆڕش قادری

24 گەنجی کوردستان لەڕێی گەیشتن بە ئەوروپا سەریان لە لیبیا دەرهێناوە و دەستبەسەر کراون، بەهەوڵی ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەمنزیکانە دەگەڕێندرێنەوە کوردستان.

موسەننا ئەمین ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەندام لە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بە 964ـی وت، “24 گەنجی هەرێمی كوردستان دوای دەستبەسەربونیان بۆ ماوەیەكی درێژخایەن لە ترابلوس، كێشەكانیان چارەسەر كراوە و چاوەڕوان دەكرێت لە یەک دوو رۆژی داهاتوودا بگەڕێنەوە کوردستان”.

“ئەو گەنجانە خەڵکی بنگرد و حاجیاوە و رانیە و دەڤەری راپەڕینن، لە 30.6.2025 چوونەتە بنغازی لە لیبیا، ویستوویانە لەوێشەوە بچنە ترابلوس و دواتر لەڕێی دەریاوە خۆیان بگەیننە ئەوروپا”، موسەننا ئەمین وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو گەنجانە سەرەتای ئەم مانگە و لە 1.7.2025 پێش ئەوەی بگەنە ترابلوس لە بازگەیەک دەستگیر کراون و تا ئێستا لە بنغازی ماونەتەوە.

وتیشی، “هەر لە سەرەتای کێشەکەیان لەسەر خەت بووم لەگەڵیان، ئێستاش لەڕێی پەیوەندی تایبەتی خۆمەوە کەسێکم بۆ دابینکردوون، چووەتە لایان و قسەشمان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی لیبیا کردووە کە بۆ گەڕانەوەیان هاوکاریان بکات”.

بەقسەی موسەننا ئەمین، ئەو گەنجانە ئێستا لە هۆتێلن و تەندروستیان باشە، ئەوانیش خەریکین لەڕێی کەسوکاریانەوە تیکتی گەڕانەوەیان بۆ دابین بکەن، تا ئەو کاتەی 24 کورسی لەسەر فڕۆکەیەک دەست دەکەوێ و بەیانی یان دوو بەیانی لە فڕۆکەخانەی بنغازییەوە بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.

دەشڵێت، هەروەک چیرۆکەکانی پێشوو، ئەمانیش قاچاخچی هەڵیخەڵەتاندوون و بەم چارەنووسە گەیشتوون.

12 گەنجی هەرێمی کوردستان لە لیبیا ئازاد کران و دەگەڕێنە...

12 گەنجی هەرێمی کوردستان لە لیبیا ئازاد کران و دەگەڕێنەوە