لە عەلوە بەرهەم وەردەگیرێت
خاوەن کەپرەکانى پێنجوێن ناڕازین و دژى عەلوەى نوێ گردبوونەوە
964+
کامیار کەمال- پێنجوێن
خاوەن کەپرەکانى وەرگرتنى بەرهەمى جوتیارانى پێنجوێن، لەبەردەم عەلوەى نوێى شارۆچکەکە گردبوونەوە، دەڵێن: دەبێت رێگەمان پێبدرێت بەرهەمى جوتیاران وەربگرین.
ئەوان کە ژمارەیان 74 کەپرە، بەشێوەى سەربەخۆ و لەدەرەوەى عەلوە، بارى بەرهەمى جوتیاران وەردەگرن و رەوانەى سلێمانى دەکەن.
بەوتەى کەیوان حەسەن کە خاوەنى یەکێک لە کەپرەکانە، لە عەلوەى نوێ بەرهەمى جوتیاران وەرناگیرێت و ناهێڵن ئەوانیش وەریبگرن.
وەک دەڵێت، شەوى رابردوو، پۆلیس ئاگادارى کردوونەتەوە کە نابێت کەپرەکان هیچ بارێک وەربگرن.
لاى خۆیەوە، هیوا سەرکانى، سەرپەرشتیارى عەلوەى نوێى پێنجوێن بە 964ـى وت،”ئەوە راست نییە کە بارى جوتیاران وەرناگرین، بەڵکو ئەوەندەمان وەرگرتووە خەریکە جێگە نامێنێت و بە نرخى سلێمانیش بارەکان وەردەگرین”.
دەشڵێت: پێشتر بەشێک لە خاوەن کەپرەکان هاتوون لە عەلوە قاتعیان کڕیوە یان بەکرێیان گرتووە و ئێستا ئیشى خۆیان دەکەن، بەڵام بە وتەى خاوەن کەپرەکان قاتعەکان بۆ کڕین بە 18 دەفتەرە یان ساڵانەى 15 ملیۆن دینارە، ئەوەش لە تواناى ئەواندا نییە و ژمارەى قاتعەکانیش کەمە و 74 قاتعە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح