کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم
راگەیەنراوى کۆبوونەوەکەى ئەمڕۆ
ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم: پابەندین بە لێکتێگەیشتەکەمان لەگەڵ بەغدا
964+
وریا فەتاح
ئەنجومەنی وەزیرانى هەرێم دووپاتی دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان تەواوی پابەندییەکانی خۆی لەچوارچێوەی لەیەکتێگەیشتنی هاوبەش جێبەجێکردووه، دەشڵێت: دەبێت حکومەتی فیدراڵ لە زووترین کاتدا مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان بنێرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 23ـى تەممووزی 2025، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
بەپێى راگەیەندراوى حکومەتى هەرێم، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوە، تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی ئەم دواییەی جێبەجێکردنی دوا رێککەوتن و لەیەکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ، کە هەفتەی رابردوو لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی هەردوولا پەسەند کراوە و تایبەتە بە مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم و هەناردەکردنەوەی نەوت و داهاتیی نانەوتی و میکانیزم و رێکاری تایبەت بە هەنگاوەکانی هاتوو لە رێککەوتننامەکە لەلایەن وەزارەت ولایەنە پەیوەندیدارەکان و لیژنە هاوبەشەکانی هەردوولا.
ئەنجومەنی وەزیران، دووپاتیکردەوە کە هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکی خۆی بە تەواوی جێبەجێ کردووە و 120 ملیار دینارى کاشى خستووەتە سەر هەژمارى وەزارەتى دارایى فیدڕاڵ و لیستى موچەى پەسەندکراوی هەرجوو مانگى پێنج و شەشى ناردووە.
سەبارەت بە نەوت وەک ئەوەى لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە چەند رۆژی ڕابردوودا و لە رێگەی لیژنەیەکی هاوبەشەوە، هەموو ئاسانکارییەکی پێشکەشی لیژنەی وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ و کۆمپانیای سۆمۆ کردووە لە بەردەستخستنی زانیاریی و داتاکان و سەردانی راستەوخۆیان بۆ سەرجەم کێڵگە نەوتییەکان لە هەرێم، لیژنەی تەکنیکی هەردوو وەزارەت، لەسەر پڕۆتۆکۆلی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆ.
ئاشکراشى دەکات، لیژنەکە گەیشتونەتە لەیەکگەیشتنی هاوبەش بۆ ئەو بڕە نەوتەی کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دێت، چونکە بەهۆی هێرشە درۆنییە تیرۆریستی و ناڕەواکانی ئەم دواییە بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم، بەرهەمهێنانی نەوت، بە شێوەیەکی بەرچاو لە کێڵگەکان کەمی کردووە.
جەختیش دەکاتەوە کە ئەم رێکارانە پابەندیی هەرێم بە رێكکەوتنەکە پشتڕاست دەکاتەوە، بۆیە دەبێت لە بەرامبەریشدا حکومەتی فیدراڵ پابەندیی خۆیی بە گوێرەی رێککەوتنەکە جێبەجێ بکات بە ناردنی دەستبەجێی مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان، کە تا ئێستا نەیانناردووە و مووچەخۆرانی هەرێم، سێ مانگە بێ بەشکراون لە شایستەی دارایی خۆیان.
سوپاس بۆ خۆڕاگریتان
“بە رێز و پێزانینێکی زۆرەوە، هەڵوێستی بەرپرسانە و خۆراگریی خەڵکی هەرێمی کوردستان بەرز دەنرخێنێت کە وێڕای بارودۆخی سەختی دارایی کە بوونە قوربانی بڕیارێکی ناڕەوا و نادەستووری، بەڵام تێگەیشتنی پێویستیان بۆ ئەم دۆخە ناهەموارە هەیە کە بە سەر هەرێمی کوردستان سەپێنراوە و بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتیەکی بەرزەوە، داکۆکی لە قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان دەکەن. ئەنجومەنی وەزیران خەڵکی کوردستانیش دڵنیا دەکاتەوە کە لە پێناو دابینکردنی مووچە وشایستەکانی خەڵکـ، هیچ کات درێخی ناکات و دەستبەرداری مافەکانی خەڵکی کوردستان نابێت”، ئەنجومەنى وەزیران وا دەڵێت.
بڕگەى دووەمى کۆبوونەوەکە:
بڕگەى دووەمى کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە میواندارى لیژنەیەکى هاوبەش لە ( وەزارەتی پلاندانان/ دەستەی پێوانەسازیی وکۆنتڕۆڵی جۆریی، وەزارەتی دارایی وئابووری/بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگەکان وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی/ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازیی و وەزارەتی ناوخۆ)، کە لیژنەکە دەقی رێککەوتننامەی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیان خستەڕوو سەبارەت بە دانانی میکانیزمی هاوئاهەنگیی و هاریکاریی نێوان هەردوو دامەزراوەی پێوانەسازیی و کۆنتڕۆڵی جۆری فیدڕاڵ و هەرێم لە چوارچێوەی تایبەتمەندیی و دەسەڵاتە دەستوورییەکان، بە جۆرێک لە چوارچێوەی ئەو ڕێكکەوتننامە هاوبەشە، بڕوانامەکانی پشکنینی کەلوپەل و بەرهەمەکان لە لایەن هەردوو دامەزراوەی پێوانەسازیی و کۆنتڕۆڵی جۆریی کاری پێدەکرێت، بۆ ئەم مەبەستەش، ڕێکارەکانیان یەکدەخەن و دەستەی پێوانەسازیی و کۆنتڕۆڵی جۆریی هەرێمی کوردستان، لایەنی تایبەتمەند دەبێت بۆ ئەم بابەتە هاوشێوەی دەزگا هاوتاکەی لە حکومەتی فیدڕاڵ.
لە دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران ، وێڕای دەستخۆشیكردن لە لیژنەی هاوبەشی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ گەیشتن بەم ڕێککەوتنامەیە لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدڕاڵ، بە کۆی دەنگ بڕیاری پەسەندکردنی ڕێککەوتنامەکەی دا و وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بۆ ئەوەی ڕێکاریی پێویست بگرنەبەر لە چوارچێوەی دەسەڵاتە دەستووریەکانی هەرێم و یاسابەرکارەکان لە هەرێم وەک ئەوەی لە کۆنووسی هاوبەشی لیژنەکەدا هاتووە.
ئەم بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیران، رۆڵی گرنگی دەبێت لە ئاسانکاریی و یەکخستنی ڕێکارەکانی پشکنین بە جۆرێک کۆتایی بەو ئاستەنگانە دێت کە هۆکاری کێشەکانی پەکخستنی جووڵەی بازرگانی و جموجۆڵ وئاڵوگۆڕیی بەرهەم و کەلوپەل و پێداویستیەکان بوون لە نێوان هەردوولا کە ببوە مایەی گلەیی وگازندەی هاوردەکاران و بازرگانان و خاوەن پڕۆژە بەرهەمهێنەرەکان لە ناوچەکانی هەرێم و فیدڕاڵ.