نەشتەرگەرییەکى سەرکەوتوو لە نەخۆشخانەى منداڵان
لە هەولێر
نەشتەرگەرییەکی گەورە و سەرکەوتوو؛ ژیانی دایکێکی رزگار کرد
964+
وریا فەتاح
تیمێکی پزیشکی لە نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایکبوونی فێرکاری لە هەولێر، نەشتەرگەرییەکی گەورە و دەگمەنیان بە سەرکەوتوویی بۆ نەخۆشێکی تەمەن 40 ساڵ ئەنجام دا و ژیانیان لە مەترسییەکی راستەقینە رزگار کرد.
وەک ئەوەى نەخۆشخانەکە بڵاوى کردووەتەوە، نەخۆشەکە کە دانیشتووی شاری کۆیەیە و دووگیان بوو بە منداڵی سێیەمی، لە مانگی شەشەمی دووگیانیدا تووشی خوێنبەربوونێکی توند ببوو، دوای پشکنینە سەرەتاییەکان لە رێگەی سۆنار و تیشکی موگناتیسییەوە، دەرکەوت کە حاڵەتێکی دەگمەن و مەترسیداری هەیە، کە بریتییە لە نووسانی “هاوەڵ بچووکی منداڵەکە” بە دیواری منداڵدان و میزڵدانییەوە.
لە زانستى پزیشکیدا، ئەم حاڵەتە کە بە (Placenta Percreta) ناسراوە، یەکێکە لە ئاڵۆزترین کێشەکانی دووگیانی و مەترسیی خوێنبەربوونی زۆر و گیانلەدەستدانی دایکی لێدەکرێت.
باس لەوەشکراوە، بەهۆی هەستیاری و مەترسیی حاڵەتەکەوە، تیمێکی پزیشکی پسپۆڕ و لێهاتوو لە چەندین بواری جیاوازدا پێکهێنرا، لە کاتی نەشتەرگەرییەکەدا، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی خوێنبەربوون و پاراستنی ژیانی نەخۆشەکە، ناچاربوون منداڵدانی بە تەواوی هەڵبگرن، لەگەڵ ئەوەشدا نەخۆشەکە پێویستی بە پێنج بوتڵ خوێن، پێنج یەکەی پلازما و سێ یەکەی کرایۆ (ماددەیەکی تایبەت بە مەینی خوێن) هەبوو.
ناوى ئەو تیمە پزیشکییەى کە نەشتەرگەرییەکەیان بەسەرکەوتوویى ئەنجامدا:
د. رووناک عەبدولڕەحمان (پزیشکی پسپۆڕی ئافرەتان)
د. ئەڤین عەبدولڕەحمان (پزیشکی پسپۆڕی ئافرەتان)
د. سەهەند هەمزە (پزیشکی پسپۆڕی گورچیلە و میزەڕۆ)
د. عومەر عەبدوڵا (پزیشکی پسپۆڕی سڕکردن)
د. حامد جەبار (پزیشکی پسپۆڕی سڕکردن)
د. ئالا مەحمود (پزیشکی نیشتەجێی دێرینی ئافرەتان)
مومتاز جەمال (یاریدەدەری نەشتەرگەری)
ئەمینە قادر (یاریدەدەری سڕکردن)
شێرزاد یاسین (یاریدەدەری سڕکردن)