چوار ئەندامی یەک خێزان گیانیان لەدەستدا و منداڵێکیش بریندارە

ویستیان بڕۆن بۆ میوانی لە سلێمانی و تووشی رووداوی هاتوچۆ بوون

964+

میلاد جەلال – گەرمیان

ئەو خێزانەی شەوی رابردوو لەسەر رێگەی دەربەندیخان، بەھۆی رووداوی ھاتوچۆوە گیانیان لەدەستدا، بەمەبەستی سەردانی ویستبوویان بڕۆنە سلێمانی، بەڵام نەگەیشتن و لە رێگا چوار کەسیان گیانیان لەدەستدا و منداڵێکیشیان بریندارە.

شەوی رابردوو نزیک کاتژمێر 10:45 خولەک، رووداوێکی ھاتوچۆ لە رێگەی دەربەندیخان – زەڕایەن لە نزیک گوندی سیارە، لەنێوان ئۆتۆمبێلێکی بارھەڵگر و تۆیۆتا کراون روویدا، بەھۆیەوە چوار کەسی یەک خێزان گیانیان لەدەستدا و منداڵێکیشیان بریندارە.

عەبدوڵا عەلی، کەسوکاری خیزانەکەیە بە 964ـى وت، ”کاک سەیوان لەگەڵ ژنەکەی، دوو منداڵی و خوشکی ژنەکەی، ویستوویانە بڕۆن بۆ سلێمانی بۆ ماڵی ئەو خوشکەی ژنەکەی کە لەگەڵیان بووە لە رووداوەکە گیانی لەدەستداوە”.

“نەیانتوانی بڕۆن سەردانیەکەیان بکەن و لەرێگە تووشی ئەو رووداوە بوون، بەداخەوە چوار کەسیان گیانی لەدەستداوە و یەکێکیشیان بریندارە”، عەبدوڵا عەلی وای وت.

ئاماژەی بەوەش کرد، کاک سەیوان خۆی و ژنەکەی و منداڵە کوڕەکەی لەگەڵ خوشکی خێزانەکەی گیانیان لەدەستداوە، ئەو منداڵەکەی دیکەیان کچێکە تەمەنی نزیکی 8 ساڵانە لە سلێمانیە لە نەخۆشخانەیە و دەڵێن، دۆخی تەندروستی باش نییە”.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ ھەینی تەرمی ھەر چوار کەسەکە ھێنرایەوە کەلار و لە گۆڕستانی گوندی سەیدە بەخاکسپێردران.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر

لە رووداوێکى هاتوچۆدا چوار کەس گیانیان لەدەستدا

لە رووداوێکى هاتوچۆدا چوار کەس گیانیان لەدەستدا