ئاگرەکەى مارکێتێکى کوت
10 ملیۆن دینار قەرەبوو بە خێزانى لێقەوماوان دەدرێت
ئاگرەکەى کوت سەرى زۆر کەس و شوێن دەخوات
964+
وریا فەتاح
لە کاردانەوەیەکى خێرادا بەرامبەر بە ئاگرکەوتنەوە دڵتەزێنەکەی شاری کوت کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان هاوڵاتی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و وەزیری ناوخۆ زنجیرەیەک بڕیاری توندیان دەرکرد و داخستنی هەموو ئەو شوێنانە لەخۆدەگرێت کە پابەندی مەرجەکانی سەلامەتی نین لە بەغدا و پارێزگاکانی تردا.
حکومەت بڕى 10 ملیۆن دینار قەرەبوو دەداتە خێزانى قوربانییەکانى رووداوەکە
محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی ئەمنی کرد لە شاری کوت و تێیدا جەختی کردەوە کە “ئەم جۆرە رووداوانە دەکرێت هەموو هەوڵەکانی دامودەزگا حکومییەکان لەبارببات بەهۆی کەمتەرخەمی و هەڵەکردنەوە”.
لە کۆبوونەوەکەدا، سودانی، كە فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراقیشە، فەرمانی بە پێداچوونەوەی دەستبەجێی هەموو باڵەخانەکان کردووە بۆ دڵنیابوون لە بوونی رێکارەکانی سەلامەتی و داخستنی هەر باڵەخانەیەک کە ئەو مەرجانەی تێدا نییە و ئەو ئەرکەشى بە فەرماندەییەکانی پۆلیس و فەرمانگەکانی تەندروستی و شارەوانییەکان و بەرگریى شارەستانى داوە.
لەلایەکی دیکەوە، وەزیری ناوخۆ، عەبدولئەمیر شەمەری، لە کۆبوونەوەیەکدا لە فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای واست، فەرمانی کرد بە گرتنەبەری رێکاری یاسایی توند و داخستنی هەموو ئەو شوێنانەی کە سەرپێچی مەرج و ڕێنماییەکانی ئاسایش و سەلامەتییان کردووە لە بەغدا و پارێزگاکان، بێ جیاوازی و بەبێ گوێدانە ئەوەی سەر بە چ لایەنێکن.
شەمەری جەختی لەوە کردەوە کە لیژنەی لێکۆڵینەوە دەبێت رۆڵی خۆی ببینێت و هیچ کەمتەرخەمییەک لەم رێکارانەدا قبوڵ ناکرێت و هەر کەسێک کەمتەرخەم بێت بەپێی یاسا سزا دەدرێت.
بەپێی وتەی نەواس سەباح، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی، ئاگری باڵەخانەکە کووت لە نهۆمی دووەمەوە دەستی پێکردووە کە تایبەت بووە بە عەتر و کەرەستەی جوانکاری.
ئاشکرای کرد کە وەبەرهێنەرەکە باڵەخانەکەی لە چێشتخانەوە گۆڕیوە بۆ پڕۆژەیەکی بازرگانی بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی.
رووداوی ئاگرکەوتنەوەکە لە “هایپەر مارکێت”ێک لە شاری کوت روویدا و بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 60 کەس و بریندار بوونى ژمارەیەک کەسى تر.
حکومەتى عێراق وێڕاى راگەیاندنى سێ رۆژ ماتەمینى، بڕیاریداوە 10 ملیۆن دینار وەک قەرەبوو بداتە هەر خانەوەدایەک کە لە رووداوەکەدا قوربانیان هەیە.