لە بارەی رووداوەکەی واست

مەسرور بارزانی: دامودەزگاکانمان ئامادەن بۆ چارەسەرکردنی برینداران

964+

ئەحمەد مستەفا

“وەک هەمیشە دەرگای هەرێمی کوردستان بۆ هەموو لێقەوماوان کراوەیە و وەزارەتی تەندروستیی هەرێم و هەموو دامودەزگاکانمان ئامادەن بۆ چارەسەری برینداران و پێشکەشکردنی هەر هاوکارییەکی پێویست”.

ئەمە قسەی مەسرور بارزانییە، دوای ئەوەی دوێنێ‌ شەو ئاگرێكی گەورە لە مۆڵی هایبر ماركت لە ناوەڕاستی شاری كوت لە پارێزگای واست كەوتەوە و بەهۆیەوە زیاتر لە 50 كەس لە ژن و منداڵ و پیاو گیانیان لەدەستدا و برینداربوون.

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا، کە 964 بینویەتی دەڵێت، زۆر خەمبار بووم بە بیستنی کارەساتی ئاگرکەوتنەوە لە شارى کوت، پرسە و هاوخەمیی قووڵی خۆم ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری قوربانیان دەکەم و هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ برینداران دەخوازم.

هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە 17.7.2025 محەمەد جەمیل مەیاحی پارێزگاری واست بۆ ماوەی سێ‌ رۆژ ماتەمینی راگەیاند، بۆ گەیان لەدەستدان و برینداربوونی زیاتر لە 50 كەس لەو كارەساتەدا.

دەسەڵاتدارانی واست سكاڵای یاساییان لە دژ خاوەن مۆڵەكە تۆمار كردووە و لێكۆڵینەوە لە هۆكارەكانی ئاگركەوتنەوەكە دەكەن و ئەنجامە سەرەتاییەكانی بۆ رای گشتی رادەگەیەنن.

پەیامێک لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە
زۆر خەمبار بووم بە بیستنی کارەساتی ئاگرکەوتنەوە لە شارى کوت. پرسە و هاوخەمیی قووڵی خۆم ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری قوربانیان دەکەم و هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ برینداران دەخوازم.
وەک هەمیشە دەرگای هەرێمی کوردستان بۆ هەموو لێقەوماوان کراوەیە و وەزارەتی تەندروستیی هەرێم و هەموو دامودەزگاکانمان ئامادەن بۆ چارەسەری برینداران و پێشکەشکردنی هەر هاوکارییەکی پێویست.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان