خەڵکی کفرییە
ئەم ئێوارەیە لە بەنداوی باوەشوار پیاوێک خنکا
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 16.7.2025، ھاوڵاتییەک لە بەنداوی باوەشاسوار لە قەزای کفری مەلەی کردووە، لەکاتی مەلەکردندا لەناو بەنداوەکە خنکاوە.
تا براوەتە نەخۆشخانەش ئومێدێک هەبووە، هەناسەی بۆ بگەڕێتەوە.
حسێن شاکر، بەڕێوەبەری کارگێڕیی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی کفری بە 964ى وت، ئەم ئێوارە درەنگە، تەرمی پیاوێک ھێنرایە نەخۆشخانەکەمان، کە لە بەنداوی باوەشاسوار لەکاتی مەلەکردندا خنکابوو.
بە قسەی ئەو بەڕێوەبەرە، کاتێک ھێنراوەیە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدابوو، بەڵام پزیشکەکان ھەوڵی خۆیاندا بەوھیوایەی لێدانی دڵی بگەڕێتەوە، بەڵام سودی نەبووە.
ئەو کەسە تەمەنی نزیکەی 40 ساڵە و دانیشتوی قەزای کفریە، تەرمەکەی بەڕێکراوە بۆ پزیشکی دادی کەلار و دواتر رادەستی کەسوکارەکەی دەکرێتەوە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا