دهستهى مافى مرۆڤى ههرێم:
“چهند هاوڵاتییهك بههۆى بێ موچهیی و قەرزارییەوە كۆتاییان به ژیانى خۆیان هێناوه”
964+
فهرهاد حهسهن
دەستەی مافی مرۆڤى لهبارهى راگرتنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە لایەن بەغداوە یاداشتێكی ناڕەزایی بۆ نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان و نوێنەرای وڵاتان ناردووه و لهبهشێكی ناوهڕۆكهكهیدا ئاشكراى كردووه، کە بە هۆی ئەو دۆخەی کە بێ موچەیی دروستی کردووە، چەند هاوڵاتییەک کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.
لە یاداشتەکە هاتووە ئەو کارە پێچەوانەی دەستور و بڕیاری دادگای فیدراڵی و بنەماکانی مافی مرۆڤە، کە بووەتە هۆی خراپبوونی ژیانی خەڵک و بازاڕ و باری دارایی هاوڵاتیان.
دوشڵێت، بەهۆی ئەو بارزدۆخەوە چەند هاوڵاتیەک کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوە بەهۆی سەختی ژیان و قەرزاری و نەبوونیەوە بۆیە داوای هاتنە سەرخەت و رۆڵی دیپلۆماسی ئەو وڵاتانە دەکات کە لەهەرێم نوێنەرایەتیان هەیە بۆ ئەوەی رۆڵ ببینن بۆ چارەسەرکردنی ئەو بارودۆخە و نێوەندگیریکردن لەنێوان هەولێرو بەغدا.
دەقی یاداشتەکە وهكو خۆى:
بۆ: نێردەی هاوکاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق (یونامی) لە هەرێمی کوردستان
بۆ: کونسوڵخانە و نوێنەرایەتیەکان لە هەرێمی کوردستان
بانگەوازێکی بەپەلە سەبارەت بە بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
ئێمە ئەم یاداشتەتان پێشکەش دەکەین بۆ دەربڕینی نیگەرانی قووڵی خۆمان سەبارەت بەو ئازارە مرۆیی و کۆمەڵایەتیانەی کە لە ئەنجامی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە لایەن حکومەتی فیدراڵیەوە دروست بووە. وەک دەزانن ماوەیەکی بەرچاوە، بەهۆی بەردەوامی گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی ناوەند و هەرێم سەبارەت بە پرسی نەوت و داهاتەکانی ناوخۆ ، زیاتر لە دوو مانگە فەرمانبەرانی هەرێم مووچەیان وەرنەگرتووە. ئەمەش کاریگەری نائاسایی لەسەر بارودۆخی ژیانی فەرمانبەران و خێزانەکانیان هەبووە. ئێمە لە لێواری برسێتیداین، تا ئەو ڕادەیەی پێنج کەس بەهۆی خراپی دۆخی ئابوورییانەوە لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێم کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە. هەموو ئەمانە پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤ و پێشێلکردنی ئاشکرای دەستووری عێراق پێکدەهێنن، کە لە مادەی ١٤دا دووپاتی دەکاتەوە کە “عێراقییەکان یەکسانن”. بەڵام بەداخەوە بۆمان دەردەکەوێت کە حکومەتی فیدراڵی فەرمانبەرانی هەرێم سزا دەدات و ئیستغلالیان دەکات. وەک کارتی فشار هەموومان دەزانین ئەو فەرمانبەرە هیچ پەیوەندییەکی بە هیچ ناکۆکی و کێشەیەکی نێوان هەردوو حکومەتەوە نییە. ئەوەش بە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق (ژمارە ١٢/فیدراڵی/٢٠٢٥) پشتڕاستکرایەوە.
ئەم برسیکردنە و بێبەشکردنە لە شایستە داراییەکان ، پێشێلکردنی مادەی ١١٧ی دەستوورە کە دان بە شەرعیەتی بوونی هەرێمدا دەنێت، هەروەها مادەی ١٢١ کە مافی بە دەسەڵاتی هەرێم دەدات کە هەموو دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری بەکاربهێنن، جگە لە دەسەڵاتە پسپۆڕیە تایبەتەکان.
هەروەها ئەم دۆخە پێشێلکردنی ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییە پابەندکەرەکانی عێراقە کە لەلایەن عێراقەوە پەسەندکراون وەک پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان کە لە مادەی ١١دا “مافی هەموو کەسێک بۆ ئاستێکی گونجاوی ژیان بۆ خۆی و خێزانەکەی” دووپات دەکاتەوە.
بێبەشکردنی سەدان هەزار فەرمانبەری هەرێم لە مووچەکانیان، سزای دەستەجەمعیی تەواوی گەلێک پێکدەهێنێت، جا بە هۆکاری سیاسی، کە هیچ پشکێکیان تێدا نییە، یان تەنانەت بە هۆکاری دارایی، بەتایبەتی کە ئەم جۆرە سزایە پێچەوانەی بەها و بنەما مرۆییەکان و بنەماکانی دادپەروەری کۆمەڵایەتییە کە لە دەستووردا جەختی لەسەر کراوەتەوە.
هەموو لایەک بیردەخەینەوە کە فەرمانبەرانی هەرێم بەهەمان خۆبەخشی و پەرۆشی فەرمانبەرانی دیکەی عێراق کاردەکەن، و نابێت وەک قوربانی ناکۆکی سیاسی یان ململانێی نێوان حکومەتەکان بەجێبهێڵرێن.
لەسەر بنەمای ئەوانەی سەرەوە، ئێمە وەک دەستەیەکی باڵای سەربەخۆی نیشتمانی بانگەوازتان دەکەین و هیوایەکی زۆرمان لێتان هەیە، بۆ دەستێوەردانی دیپلۆماسی بەپەلە و ئێوەش ڕۆڵێکی کاریگەر و بەرچاو بگێڕن لە چارەسەرکردنی ناکۆکی هەڵپەسێردراوەکان بە شێوەیەکی ڕیشەیی و خێرا، پاراستنی ئاشتی و پاراستنی کەرامەتی هاوڵاتیانی هەرێم، بەبێ گوێدانە هەمەجۆریی ئایینی و نەتەوەیی و تائیفییان. هەموو ئەمانە دەبێت بە پێی بڕگەکانی دەستوور و یاسا کارپێکراوەکان ئەنجام بدرێت، لە هەمان کاتدا مسۆگەرکردنی ڕێزگرتن لە سەروەری یاسا لە ڕێگەی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی کە پێشتر ئاماژەی پێکرا.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان
16.7.2025