دووکارمەندی کارەبای هەڵەبجە لە کاتی ئەرکدا.وێنە: کارەبای هەڵەبجە
چاکسازی لە فیدەر و گۆڕەڕەکان دەستیپێکردووە
تا کۆتایی ساڵ پرۆژەی رووناکی لە سەنتەری هەڵەبجە تەواو دەبێت
964+
توانا نەقی
کارکردن لە پرۆژەی رووناکی و گەیاندنی بە پارێزگا و ناوچەکانی هەرێم بەردەوامە و کارەبای هەڵەبجەش دەڵێت تا کۆتایی ئەمساڵ بە تەواوی لە سەنتەر پرۆژەی رووناکی تەواو دەبێت و کارەبای 24 کاتژمێری دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای هەڵەبجە بڵاویکردەوە، پڕۆژەی رووناکی لە سەنتەری پارێزگاکاندا لەم ساڵدا جێبەجێ دەکرێت، لەساڵی داهاتوو واتە 2026 تەواوی شار و شارۆچکەکانی کوردستان دەگرێتەوە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەوەی ئێستا لە هەڵەبجە دەکرێت ئامادەکارییە بۆ پڕۆژەی رووناکی و تەنیا چاکسازی لە فیدەر و گۆڕەڕەکانی (محاویلە) ناو سەنتەری هەڵەبجە دەکرێت، کە لە 15.7.2025 دەستیپێکردووە، کە ئەمەش بەهیچ شێوەیەک کاریگەری لەسەر بڕی کارەبای دابینکراو بۆ هەڵەبجە نابێت.
پێشتریش وەزارەتی کارەبای هەرێم ئەوەی راگەیاندبوو، تا ئێستا دوو ملیۆن هاوڵاتی سوودمەند بوون لە پرۆژەی رووناکی و کارەبای 24 کاتژمێری، تا کۆتایی ئەمساڵیش لە سەنتەری هەرچوار پارێزگاکە تەواو دەبێت و تا کۆتایی ساڵی 2026 هەمو قەزاو ناحیەکانیش تەواو دەبن.