لێبوردنی گشتی چاوەڕێی پەرلەمانە

“نیوەی بەندکراوەکانی كوردستان ئازاد دەکرێن”

+964
دەشتی عارف ـ هەولێر

بەرێوەبەرایەتیی گشتیی چاکسازییەکانی هەرێم، ئاماری شەش مانگی سەرەتایی ئەمساڵیان بڵاوکردەوە و سەروو چوار هەزار کەس دەستگیرکراون و 3627 کەسیش ئازادکراون، بەڕێوەبەری گشتیی چاكسازییەكانیش دەڵێت، پڕۆژەیاسای لێبوردنی گشتی ئامادەیە و چاوەڕێی پەرلەمان دەكات، ئەگەر پەسند بكرێت، نیوەی بەندكراوانی كوردستان ئازاد دەبن.

ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێم، بە 964ـی وت، پڕۆژەیاسای لێبوردنی گشتیی ئامادەیە و لە ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستانە، تەنیا چاوەڕێن پەرلەمان کارابێتەوە و دەنگی لەسەر بدەن، وردەکارییەکان تەواو بکرێن و ئەگەر ئەم بڕیارە جێبەجێ بکرێت نیوەی زیاتری زیندانیکراوان ئازاد دەکرێن”.

لەبارەی خوێندنیشەوە ئیحسان عەبدولڕەحمان، وتی، “543 قوتابی لە قۆناغە جیاوازەکان لە چاكسازییەكان دەخوێنن و 74 قوتابیان ئەمساڵ تاقیکردنەوەی پۆلی 12ـی ئامادەییان ئەنجام دا و بەشێکیان دەرچوون و بەشێکیانیش کەوتوونەتە دەوری دووەم، هەروەها 134 خوێندکارمان هەیە لە زانکۆ و پەیمانگاکان لە رێگای ئۆنلاینەوە درێژە بە خوێندنەکەیان دەدەن”.

ئاماری گیران و ئازاد بوونەکانیش بەو شێوەیەیە:
کۆی بەندکراوەکان : 4066
کۆی ئازادبووەکان: 3627
سودمەندانی خوێندن: 543
سوودمەندانی سەنتەری ماددەی هۆشبەر: 264 سزادراو

خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ سزادراوان: 37133 سەردانی بنکەی تەندروستی چاکسازی و نەخۆشخانەکان

ژوانی خێزانی : 7144
ئاماری کتێبخانە (خوێندنەوە و نووسینی کتێب) : 34513 سەردانی بۆ کتێبخانە + چاپکردنی 8 كتێبی سزادراوان

کارکردنی سزادراوان لەناو چاکسازی: 594
وتاری ئاینی: 84
خول و سیمینار و ۆورک شۆپ (کارمەندان و سزادراوان) : 183

ئازادبوونی بێ مەرج: 1033 سزادراو

لێبوردنی تایبەت: 21 سزادراو

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

"لە چاکسازی ژنان منداڵی کۆرپەلە لەلای سزادراوە قورسەکان دانراوە"