دیمەنێکی خۆپیشاندانی دانیشتووانی ناحیەی وەرتێ - وێنە؛ 964
"کۆتایی بە خۆپیشاندان بهێنن"
ئومێد خۆشناو بۆ دانیشتووانی بالیسان: کارەبا وەک پێشووی لێدێتەوە
964+
شۆڕش قادری
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر بەڵێنیداوە بە دانیشتووانی بالیسان کە کارەباکەیان وەک پێشووی لێبێتەوە و بەڕێوەبەری ناحیەش داوا لە خۆپیشاندەران دەکات، کۆتایی بە خۆپیشاندانەکانیان بهێنن.
شاخەوان سکتانی بەڕێوەبەری ناحیەی بالیسان لە ئاگادارییەکدا بۆ دانیشتوانی ناحیەی بالیسان دەڵێت، “دوای پەیوەندیکردنمان بە ئومێد خۆشناو پارێزگاری ھەولێر، فەرمانیدا، کارەبای نیشتمانی لەم ساتەوە وەک جەدوەلی پێشووی لێدەکرێتەوە بۆ خزمەتی سنورەکە، بۆیە داوایان لێدەکەم کۆتایی بە خۆپێشاندان بھێنن”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، داواکارییە رەواکەیان گەیشتووە و لە خزمەتی ھاوڵاتیانیاندا دەبن بۆ سەرجەم داواکارییە رەواکانیان.
شەوی رابردوو دانیشتووانى دۆڵی بالیسان و ناحیەی وەرتێ لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دژی کەمی کارەبا خۆپیشاندانیان کرد، دواتر خۆپیشاندانەکە گرژی و ئاڵۆزیی لێکەوتەوە و هاوڵاتییەک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە گولـلە، گیانى بەخشى.