کۆمەڵکوژ کران
لەناو تەقوتۆقی دەوری کۆشک شاژنە نەفیسە هاتە دەرەوە و قورئانی کرد بە گژیاندا
964+
ژووری هەواڵ
لەناو تەقوتۆقی دەوری کۆشک، شاژنە نەفیسە هاتە دەرەوەو قورئانێکی لەسەر سەری دانابوو، هاواری لە ئەفسەرو سەربازەکان کرد: ئەم قورئانەم کرد بە گژتاندا، کەسوکارەکەم مەکوژن، ئێمە هیچمان ناوێت هەمووی بۆ خۆتان.
ئەمە لە دیارترین دیمەنەکانی رۆژی کودەتا دیارەکەی عێراق بوو لە 14ی تەمموزی 1958.
بەرەبەیانی رۆژی 11ی تەمموزی 1958و سێ رۆژ بەر لە جێبەجێکردنی کودەتاکە، دەستەی سەرپەرشتی کودەتا کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکە هەریەک لە عەمید عەبدولکەریم قاسم، عەقید عەبدولسەلام عارف، عەقید عەبدوللەتیف دەراجی و رەشید موتڵەگ ئامادەبوون، قسەو گفتوگۆ لەسەر ئەوە بوو چارەنووسی خێزانی پادشایەتی چی بەسەر دێت، لەو کۆبوونەوەیە بڕیار درا ئەمیر عەبدولئیلاه عەلی و نوری سەعید دەستگیر بکرێن و رووبەڕووی دادگا بکرێنەوە، ئەگەر بەرگریشیان کرد بکوژرێن، بەڵام لەسەر چارەنوسی شا فەیسەڵی دووەم نەسازان.
وەک ئەوەی بڕیاردرابوو لە تارک و روونی رۆژی 14ی تەمموز، لیوای 20ی سوپا بەسەرپەرشتی عەبدولسەلام عارف چوونە ناو بەغدا، کودەتاچییەکان، بۆ سێ دەستە دابەش بوون، تێمێک چوونە رادیۆو تەلەفزیۆن، هەر لەوێ عەبدولسەلام، عارف بەیانی کودەچییەکانی خوێندەوە، تیمێک بۆ ماڵی نوری پاشای سەرۆک وەزیران و تیمێکش روویان لە کۆشکی ریحاب کرد کە کۆشکی پادشایەتی بوو
لە نزیک کاتژمێر 5ی بەیانی دەنگێکی زۆری تەقە لە دەوری کۆشک پادشایەتی بیستراو دوای ئەوەش بە تۆپهاوێژ بۆردومانی کۆشک کرا، نەقیب عەبدولستار عبوسی سەرپەرشتیاری ئەو دەستەیەی دەکرد کە کۆشکی ریحابیان گەمارۆ دابوو، پاش ماوەیەک کەسێک لە کۆشک هاتە دەرەوەو پەیامی گەمارۆدراوانی گەیاند، پادشای عێراق و خێزانی پادشایەتی خۆیان دەدەن بەدەستەوە، بەو مەرجەی سەلامەت بن، نەقیب عەبدولستارو هێرشبەرەکان بەو داوایە رازی بوون.