لە پیرەمەگروون
چیمەنتۆی سەقفی مزگەوتێک رووخا و سێ کرێکار بریندارن
964+
ئەحمەد مستەفا
رووخانی کۆنکرێتی سەقفی مزگەوتێک لە پیرەمەگروون، سێ کرێکاری بریندار کرد، سەرپەرشتیار و خێرخوازانی ئەو مزگەوتە داوای یارمەتی دەکەن، تا لە زیانی زیاتر بناغەی مزگەوتەکە بپارێزن.
رووداوەکە بەیانی ئەمڕۆ شەممە 12.7.2025 روویداوە، کاتێک دەستیان بە کۆنکرێتی سەقفەکە کردووە لەپڕ رووخاوە.
بە گوێرەی سۆراغی 964، ئەم بەیانییە سەرپەرشتیار و خێرخوازانی دروستکردنی مزگەوتی عەلی کوڕی ئەبو تاڵیب “کە ناسراو بە مزگەوتی تەلانییەکان” لە پیرەمەگروون سەقفی مزگەوتەکەیان کۆنکرێت کردووە، بەڵام لە پڕ سەقفەکە کەوتووە و هەرچی کۆنکرێتە رژاوەتە سەر زەوی و شیشەکانی سەقفەکە لار بوون.
محەمەد عەلی، کە شایەتحاڵی رووداوەکەیە بە 964ی وت، کاتێک نیوەی سەقفەکە کۆنکرێت کراوە لە پڕ رووخاوە، سێ کرێکاریش بەهۆی رووخانی سەقفەکە بریندار بوون، بەڵام دۆخی تەندروستییان باشە.
دیمەنی رووخانی سەقفەکە گەیشتووە بە 964، ژمارەیەک خەڵک کۆبوونەتەوە، شۆفڵ هاتووە و دەیانەوێ ئەو زیانەی بەر بناغەی مزگەوتەکە کەوتووە زیاتر نەبێ و زوو بە زوو، شیش و پاشماوەکان چارە بکەن.
ئەو کەسانەی لەوێ کۆبوونەتەوە، داوای ئەوە دەکەن خەڵک بجێت بە هانایانەوە، تا ناو مزگەوتەکە پاک بکرێتەوە، شیشەکان لاببرێ و ئەو تەختە و جەگانەی دانراون بۆ تێکردنی کۆنکرێتی سەقفەکە راستبکرێنەوە و ئامادەبکرێنەوە.
نوێکردنەوە 10:20
محەمەد سالار، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی پیرەمەگروون بە 964ی وت، لەدوای كاتژمێر 7:00ی بەیانی ئەمڕۆ شەممە رووداوەک روویداوە، پێنج كرێكار گەیشتوونەتە لامان کە لە ناو چیمەنتۆدا غەرق بوون، دواتر چارەسەری پێویستمان بۆ كردوون، ئەو وتی، سێ کرێکار برینداربوون دەستیان یان قاچیان شکاوە، دوو دانەی دیکەیان تەنیا زەبریان بەرکەوتووە، مەترسی لەسەر ژیانیان نییە.