لە شارەکانی عێراق

پلەی گەرما دەبێتە نیوە کوڵان و دەوام کەمدەکرێتەوە

964+

محەمەد فاتیح

لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما و دوای ئەوەی دەستەی كەشناسی عێراق بڵاویكردەوە كە پلەی گەرما لە یەكێك لە پارێزگاكانی عێراق دەگاتە نزیكەی نیوەی كوڵاندن، پارێزگای زیقار دەوامی فەرمانگەكانی كەمكردەوە.

دەستەی كەشناسی عێراق پێشبینیكرد بەرزترین پلەکانی گەرما لە بەغدا و بابل و دیالە و کەربەلا و نەجەف و موسەنا و واست و دیوانیە بگەنە 47 و لە میسان و زیقار48 و بەسرە 49 و لە ئەنبار و نەینەوا بگاتە 45.

ئەحمەد سەلیم ئیبراهیمی ئەمین سڕی ئەنجومەنی پارێزگای زیقار لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت، “بەهۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی پلەکانی گەرماوە لە وەرزی هاویندا، ئەنجوومەنی پارێزگای زیقار بڕیاریدا دەوامی فەرمی  یەک کاتژمێر کەمبکاتەوە، کە لە رۆژی یەکشەممە 13.7.2025 دەستپێدەکات تاكو 1.9.2025”.

وتيشى، “ئەم بڕیارە بۆ سەلامەتی فەرمانبەران و کەمکردنەوەی کاریگەرییە تەندروستییەکان دەركراوە کە لە ئەنجامی شەپۆلی گەرمادا دروست دەبێت و داوا لە سەرجەم فەرمانگە و دامەزراوەکانی حکومەت دەكەین پابەند بن بە بڕیارەكەوە”.