بۆ چاندن

4 هەزار تۆن گەنمی جوتیاران کڕدرایەوە؛ بە نرخی پاڵپشتی بەسەریاندا دابەشدەکرێتەوە

964+

وریا فەتاح

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کشتوکاڵی سلێمانی، بڕی چوار هەزار تۆن بنەتۆوی گەنمی لە جوتیاران کڕیوەتەوە و ئێستا لە قۆناغی پاککردنەوە و ئامادەکردنیدایە بۆ ئەوەی بۆ وەرزی داهاتووی چاندن بە نرخێکی پاڵپشتیکراو بەسەر جوتیاراندا دابەشی بکاتەوە.

وەزارەتى کشتوکاڵ بڵاوى کردەوە، دوای کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو کە بە سەرپەرشتی وەزیر و بە ئامادەبوونی نوێنەری کۆمپانیاکانی قەیوان و خۆشناو و پسپۆڕانی کشتوکاڵی بەڕێوەچوو، بڕیاردرا بە کڕینەوەی 10 هەزار تۆن بنەتۆوی گەنمی خۆماڵی.

“جۆری ئەو بنەتۆوەی دەکڕدرێتەوە، لە تەرزە خۆماڵییە سەرکەوتووەکانە کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی توێژینەوەکانی کشتوکاڵەوە پەرەی پێدراوە و بەوە ناسراوە کە بەرگرییەکی باشی بۆ گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و وشکەساڵی هەیە”، وەزارەتى کشتوکاڵ وادەڵێت.

بەپێی بڕیارەکە کە لەلایەن بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵەوە راگەیەندرا، نرخی کڕینەوەی هەر تەنێک بەم شێوەیە دیاریکراوە:

بنەتۆوی پلەی تۆمارکراو:  885 هەزار دینار.

بنەتۆوی پلەی باوەڕپێکراو:  860 هەزار دینار.

جەختیشکراوەتەوە کە تەنیا بەرهەمی ئەو جوتیارانە وەردەگیرێت کە کێڵگەکانیان لە پشکنینی کێڵگەییدا پەسەند کراون.

وەزارەتى کشتوکاڵ ئاشکراشى کردووە، بەشی بەرهەمهێنان و پەسەندکردنی تۆو لە کشتوکاڵی سلێمانی، پشکی پارێزگاکەی کە 4000 تۆن بوو لە جوتیاران کڕیوەتەوە و ئێستا سەرقاڵی پاککردنەوە، دەرمانکردن و کیسەکردنیەتی، تاوەکو بۆ وەرزی چاندن بنەتۆوێکی پاک و پەسەندکراو بە نرخی پاڵپشتی بداتەوە بە جوتیارانی سنوورەکە.