کۆبوونەوەى سێ سەرۆکایەتییەکەى عێراق
بزانە باسى چییان کردووە؟
بەبێ باسکردن لە موچەى فەرمانبەران: سێ سەرۆکایەتییەکەى عێراق کۆبوونەوە
964+
وریا فتاح
بەبێ ئەوەى بە یەک وشە باس لە بابەتى موچەى فەرمانبەرانى هەرێم بکرێت، سێ سەرۆکایەتییەکەى عێراق کۆبوونەوە .
ئەمڕۆ سێشەممە، هەریەک لە سەرۆکوەزیران محەمەد شیاع سودانی، سەرۆککۆمار لەتیف رەشید و سەرۆکی پەرلەمان مەحمود مەشهەدانی، لە کۆشکی بەغدا کۆبوونەوە و چەند پرسێکی گرنگیان تاوتوێ کرد.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیران، لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی ناوچەکە و ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو تاوتوێ کراون و جەخت لەسەر پاراستنی عێراق لە مەترسییەکان و دوورخستنەوەی لە ململانێکان کراوەتەوە.
یەکێکی دیکە لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە، بابەتی رێککەوتنی رێکخستنی کەشتیوانی لە خور عەبدوڵڵا بوو، ئەو رێککەوتنەی کە پەرلەمانی عێراق بەپێی یاسا پەسەندی کردبوو، بەڵام دادگای باڵای فیدراڵی بەهۆی تەواونەبوونی رێژەی یاسایی لەکاتی دەنگداندا، یاساکەی بە نادەستووری لەقەڵەمدا.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا رێککەوتن کە پێویستە پەرلەمان رێکارە یاساییەکان تەواو بکات بۆ ئەو بابەتە.
سێ سەرۆکایەتییەکە جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە بە وریایی و هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆسییە نێودەوڵەتییەکاندا بکرێت و بۆ موزایەدەی سیاسی و میدیایی بەکارنەهێنرێن، چونکە ئەوە زیان بە ماف و سومعە و بەرژەوەندییەکانی عێراق دەگەیەنێت.