لۆگۆی وەزارەتی ناوخۆ
بەرامبەر ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هەرێم
وەزارەتی ناوخۆی هەرێم : هەست بە خۆ دزینەوە لە بەرپرسیاریەتی دەکەین لەلایەن عێراقەوە
964+
توانا نەقی
وەزارەتی ناوخۆی هەرێم جارێکی دیکە لە رێگای راگەیندراوێکەوە وەڵامی حکومەتی عێراق دەداتەوە و بەوە ناویان دەبات کە هەست بە پەردەپۆشکردن و خۆدزینەوە لە بەرپرسیاریەتی دەکەن بەرامبەر هێرشەکانی سەر هەرێم.
وەزارەتی ناوخۆی هەرێم رایگەیاندووە، ئەو چاوەڕوانییە لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی فیدڕاڵ هەیە كە لە كاتی بوونی هەڕەشە لەسەر هەرێمی كوردستان یان هەر ناوچەیەكی تری عێراق، لەپێناو دەركەوتنی راستییەكان و رێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی هەڕەشەكان و سزادانی ئەنجامدەران، رێوشوێنی پێویست بگیرێتە بەر.
ئاماژە بەوەشکراوە، هەست دەکەن جۆرێك لە پەردەپۆشكردن و خۆدزینەوە لە بەرپرسیاریەتی هەیە بەرامبەر ئەو زێدەڕۆییە ئەمنییانەی كە لە دژی هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێن.
وەزارەتی ناوخۆ باسی لەوەشکردووە، “لە ساڵانی ڕابردووش كە بە دەیان جار هەرێم بەر پەلاماری درۆن و مووشەكەكان دەكەوت، ئاراستە و سەرچاوەی مووشەك و درۆنەكانیش دیار بوون بەڵام ئەنجامی هیچ لیژنەیەکی عێراق بۆ رای گشتی لەسەریان ئاشکرا نەکرا”.
“كەشوهەوای سیاسی و بیروڕای سیاسیی لایەنەكان بەهەر بارێكدا بێت، پاراستنی ئاسایشی وڵات و رێگەگرتن لە بە ئامانجگرتنی ژیانی هاووڵاتیان و سەروەری و سەقامگیریی وڵات ئەركی لەپێشینەی دامودەزگا فەرمییەكانی هەردوو حكومەتی فیدڕاڵی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستانە”، وەزارەتی ناوخۆی هەرێم وادەڵێت.
ئەوە لە کاتێکدایە ئەمڕۆ فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکانى عێراق، وەڵامى وەزارەتى ناوخۆى هەرێم داوەتەوە و دەڵێت، تۆمەتبارکردنى دامەزراوەى ئەمنى فەرمى عێراق ئیدانە دەکەین و دواى بەڵگە دەکەین.