سەنگاو
بۆ گرتنی چەند ماسییەک؛ زیاتر لە پێنج هەزار ماسی لەناوبرد
964+
عەزیز عەبدوڵا
لە گۆمێکی ئاودا لە سنووری ناحیەی سەنگاو، کەسێکی نەناسراو بە مەبەستی راوکردن ئاوەکەی ژەهراوی کردووە و بەهۆیەوە زیاتر لە پێنج هەزار ماسی لەناوچوون.
رووداوەکە لە گۆمی دوکەمەری بووە لە چەمی باسەڕە لەنێوان گوندەکانی قرخ و دێرەشە لە سنوورى ناحیەى سەنگاو.
ئاسۆ مەدحەت، دانیشتووی ناوچەکە، بە 964ـی وت،”دیارە کەسێک ویستوویەتی بە ئاسانی راو بکات و چەند ماسییەک بگرێت، بەڵام کارەساتێکی خوڵقاندووە و پێنج بۆ شەش هەزار ماسی لەناوبردووە”.
وەک باسى دەکات، لەو گۆمەدا پێشتر ماسی تا کێشی چوار کیلۆگرامی تێدا راوکراوە و خەڵکی ناوچەکە بۆ راوکردن و سەیران روویان تێدەکرد، بەڵام وەک دەڵێت: ئەم کارە کۆتایی بە هەموو شتێک هێنا.
964 پەیوەندی بە ئارام مەعروف، بەڕێوەبەری ناحیەی سەنگاوەوە کرد، بەڵام بێ ئاگایى خۆى لە بابەتەکە پیشاندا و وتى،”هیچ کەسێک ئێمەى ئاگادار نەکردووە، بەڵام لە سبەینێوە بەدواداچوونی بۆ دەکەین تا راستییەکانمان بۆ دەربکەوێت”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح