لەسەر داواکاری هاوڵاتییەک
لە كێڵگە مینە هەرەمەترسیدارەكانی كوردستان بە دەیان مین لەناوبران
964+
محەمەد فاتیح
بە دەیان مین لەناوبران و چارەسەركران كە بەشێكیان دەگەڕێتەوە بۆ یەكێك لە کێلگە مینە هەرەمەترسیدارەکانی كوردستان و بەشێكی تریشیان لەسەر داوای هاوڵاتییەك بووه.
دەزگای گشتیی کاروباری مینى هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە لە کێڵگە مینی (کروکە زەرد) لە گوندی پیرۆمەى سەر بە ناحیەی (سمیلان) لە قەزای (چۆمان) 43 مینی دژەکەس لەلایەن تیمی لەناوبردنی کەرەستەی تەقەمەنی پووچەڵکرانەوە.
دەشڵێت، “ئەم کێلگە مینە یەکێکە لە کێڵگە مینە هەرەمەترسیدارەکان و رووبەرەکەی (95200) م٢يە و رووبەری (91700) م٢ لێ پاککراوەتەوە و تا ئێستا 2922 مینی جۆراوجۆر و 140 پاشماوەی تەقەمەنی جەنگيی لێ دۆزراوەتەوە”.
وتيشى، “لە رووداوێكی تردا و لەسەر داواکاری هاوڵاتییەک کە پەیوەندی بە ژمارە 182ـى دەزگای گشتی کاروباری مینەوە کردبوو، هەستان بە لەناوبردنی چەندین مین و پاشماوەی جەنگیی، بە رێگەی تەقاندنەوەیەکی ناکارەبایی لە گوندی ئەحمەد کلوان لە شارۆچکەی پێنجوێن”.
مین و پاشماوە جەنگییەکان بریتی بوون لە:
-یەک گولە تۆپی 106 ملم
-شەش گولە هاوەنی 60 ملم
– دوو نارنجۆکی دەستیی
– دوو مین لەجۆری “V69″
-یەک گولەی”RPG”