لە باشماخەوە هاتنی ئێرانییەکان ئاساییە
هاوڵاتییانی هەرێم کەمتر دەڕۆنە ئێران
964+
کامیار کەمال – پێنجوێن
دوای گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل، جموجۆڵی گەشتیاری و بازرگانی لە دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ ئاسایی بووەتەوە، بەڵام لە کاتێکدا هاوڵاتییانی ئێرانی دێنە هەرێمی کوردستان، خەڵکی هەرێم هێشتا بە حەزەرەوە دەچنە ئەو وڵاتە.
پەیامنێری 964 لە زاری سەرچاوەیەک لە دەروازەی باشماخەوە دەڵیت، هاتوچۆی هاوڵاتییان لە هەر دوو دیوی سنوور ئاساییە و هیچ رێگرییەک نییە، تەنیا لە دیوی ئێرانەوە پشکنینی ووردتر بۆ ئەو کەسانە دەکرێت کە گومانیان لێدەکرێت.
سەرچاوەکە باسی لەوەشکرد، کە جوڵەی بازرگانی بە تەواوی ئاسایی بووەتەوە و تانکەر و بارهەڵگرەکان بەبێ کێشە هاتوچۆ دەکەن.”
محەمەد بارخودا، دانیشتوویەکی شاری مەریوانە بە 964ـی وت: “لەکاتی گرژییەکاندا دۆخەکە سەخت بوو و نرخی کاڵا بەرزبووەتەوە، بەڵام ئێستا هەموو شتێک ئاساییە و خەڵک بۆ کار و گەشت و سەیران هاتوچۆ دەکەن.”
گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل بۆ ماوەی نزیکەی دوو هەفتە بەردەوام بوو و هەردوو وڵات بە مووشەک و درۆن هێرشیان کردە سەر یەکتر، ئەمەش بووە هۆی کەمبوونەوەی بەرچاوی جموجۆڵی بازرگانی و گەشتیاری لە دەروازەی باشماخ.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر