فەرمانبەرانی هەرێم 61 رۆژە چاوەڕێن

حەشدى شەعبى دوای 10 رۆژ لە دواکەوتن موچەیان وەرگرت

964+

راژان باجەڵان – خانەقین

مانگانە لە نێوان هەفتەی سێیەم و چوارەم و بە دیاریکراوی لە نێوان (22-24)ـى مانگ، موچەی هێزەكانی حەشدی شەعبی دەخرێتە سەر هەژمارە بانکییەکانیان، بەڵام ئەم مانگە نزیکەی 10 رۆژ دواکەوت و ئەمڕۆ پارەکانیان بۆ خەرج کرا، بەڵام بە مەرج.

سەرچاوەیەک لە حەشدی شەعبی بە پەیامنێری 964ـى وتووە،” کێشەیەک لە موچەی کارمەندانی حەشدی شەعبی هەیە و لە رووکەشدا باس لەوە دەکرێت کێشەکە لە سیستمی بەبانکیکردنی موچەکەیە، کە هەرسێ لایەنەکانی بانکی رافیدەین و کۆمپانیای کی کارت و دەستەی ئابووریی حەشدی شەعبی کارى تێدا دەکەن بۆ چاککردنەوەی، بەڵام کێشەکە زۆر لەوە گەورەترە و دەستی ئەمریکای لە پشتەوەیە “.

خاوەن یەکێک لە نووسینگەکانی خەرجکردنی موچەی فەرمانبەران و کارمەندانی عێراق لە خانەقین، کە پێی باش نەبوو ناوی خۆی ئاشکرا بکات بە 964ـى وت،” بەهۆی ئەوەی بەشێک لە موچەی حەشدی شەعبی لە دەرەوەی سنووری عێراق و بە تایبەت لە ئێران وەردەگیرێت، ئەمریکا ئەم دۆخەی چاودێری کردووە و بڕیاریداوە کە سزا بخاتە سەر بانکی رافیدەین و کۆمپانیای کی کارت لە حاڵەتی دووبارەبوونەوەی ئەم دیاردەیە، بۆیە  ئێستا کە موچەی حەشدی شەعبی خرایە سەر هەژمارەکانیان، تەنیا چەند نووسینگەیەکی دیاریکراو هەن، كە دەتوان موچەکانیان سەرف بکەن لە ناوعێراقدا”.

ئاشکراشى کردووە، لە ناو خانەقیندا ئێستا هیچ نووسینگەیەک نییە و کارمەندانی حەشد دەبێت بڕۆنە بەغداد موچەکانیان وەربگرن.

ئێستاش سەرکردایەتی حەشدی شەعبی سەرقاڵی دروستکردنی سیستمێکی بانکیی عێراقی ناوخۆیین بۆ دوورکەوتنەوە لە چاوی ئەمریکا و ئەو جۆرە سزایانە، کە جارجارێک یەخەی کۆمپانیای وەک کی کارد و بانکی رافیدەین دەگرێتەوە و لە ئەنجامدا موچەی کارمەندانیان دوادەخات.

ئەوەش لە کاتێکدایە، 61 رۆژى رێک بەسەر موچەى مانگى پێنجى فەرمانبەرانى هەرێمدا، تێپەڕێوە و هێشتا دینارێکیان نەخستووەتە گیرفانیان، واتا فەرمانبەرانى هەرێم جگە لە موچەى مانگى 12ـى ساڵى پار، موچەى مانگەکانى 5 و 6ـى 2025یشیان وەرنەگرتووە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

چوار رۆژە موچەی حەشدی شەعبی دابەش نەکراوە

چوار رۆژە موچەی حەشدی شەعبی دابەش نەکراوە