کۆڵانی من یەم تۆ مەیە
لەکۆڵانی تەنگەبەر شان مەدە لەشانم
میدیازان – محەمەد عومەر– هەڵەبجە
لە هەڵەبجە، چەندان کۆڵانی تەنگەبەر هەیە کە خەڵکەکەی بۆ کورتکردنەوەی رێگا سوودیان لێی وەرگرتووە، بەڵام ئەوەندە تەنگن شان لەشان دەخشێ.
تەسک و تەنگی کۆڵانەکان، یەکێکە لە سیمای هەرە باوەکانی شارە کۆنەکانی دونیاو زۆرێک لە شارە مێژووییەکان هێشتا کۆڵان و شەقامی وەهایان هەیە کە جێگەی پێداڕۆیشتنی ئۆتۆمبێلی تیدا نیە، هەڵەبجەش یەکێکە لەو شارانەی ژمارەیەکی زۆری کۆڵانی تەنگەبەری تێدایە.
حاجی عەبدوڵا محەمەد، دانیشتووی گەڕەکی گوڵانەو رۆژانە بەو کۆڵانە تەسکەوە هاتوچۆی مزگەوت دەکات و دەڵێ، زەمانی باوکم ئەو کۆڵانە بە دەستپێشخەری خەڵکەکە دروستکرا تا ئەوانەی دووریشن ئاسانتر بگەنە مزگەوت.
وتی “ئەو سەردەم چوار ماڵی دراوسێی مزگەوت رەزامەندبوون دیواری ماڵەکایان بکشێننەوە بۆ دروستکردنی ئەم کۆڵانە تەنگەبەرە تا خەڵکەکە ئاسانتر هاتوچۆی مزگەوتی ئەبوبەکر سدیق بکەن”.
پەیامنێری میدیازان دەزانێت، لە هەڵەبجە چەندان کۆڵانی تەنگەبەر هەیە، بەڵام کۆڵانەکەی مزگەوتی ئەبوبەکر سدیق بەناوبانگترینیانە. ئەو کۆڵانە ساڵی ١٩٧٨ دروستکراوە، بەرینییەکەی لەنێوان ٧٠ سانتیمەتر تا مەترێک دەبێت و درێژییەکەشی ٤٢ مەتر دەبێت، بەزەحمەت دووکەس دەتوانێ پێیدا تێپەڕن، ئەمەش وایکردووە خەڵکی هەڵەبجە ناویانناوە ” من یەم تۆ مەیە”.
لەناو فۆلکلۆری گۆرانی کوردیشدا، هونەرمەند محەمەد ئیبراهیم عەبدول (حەمە قوتوو) گۆرانی لە کۆڵانی تەنگا شان مەدە لە شانم، نەشمیلەی چاو جوان جەرگەکەو سووتاندم-ی لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردوو وتووە.