نوسینگەى سەرۆک وەزیران:
ئەوانەى بەپرس بوون لە گیانلەدەستدانى چوار خوێندکارەکەى کۆلێژى سەربازى بە توندى سزا دەدرێن
964+
وریا فەتاح
ئەو لیژنەیەى بۆ لێکۆڵینەوە لە گیانلەدەستدانى چوار خوێندکارەکەى کۆلێژى سەربازى ناسریە پێکهێندرابوو، کارەکانیان تەواو کرد. ژمارەیەک ئەفسەر و چەند کارمەندێک رەوانەى دادگاى سەربازى کراون.
ئەمڕۆ شەممە، نوسینگەى محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق بڵاوى کردەوە، لە چوارچێوەی بەدواداچوونی راسپاردەکانى سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، سەبارەت بە لێکۆڵینەوە لە گیانلەدەستدانی چەند خوێندکارێک لە کۆلێژی چوارەمی سەربازی لە ناسریە، ئەو لیژنەی لێکۆڵینەوەیە کە بۆ بەدواداچوون بۆ رووداوەکە پێکهێنراوە، کارەکانی تەواو کردووە و راسپاردەکانی پێشکەش بە سەرۆک وەزیران کرد.
19ـى ئەم مانگە، سەرۆک وەزیران راسپاردەکانى لیژنەکەى پەسەندکرد کە بریتى بوون لە رەوانەکردنى ئەفسەرانی باڵای ئەکادیمیای سەربازی و کۆلێژی سەربازی چوارەم و چەند کارمەندێکی دیکە کە بەرپرس بوون لە رووداوەکە بۆ دادگا سەربازییەکان، ئەمەش بەپێی بڕگە یاساییەکان کە دڵنیای دەدەن لە سەپاندنی سزای توند بەسەر کەسانی تاوانبار و ئەوانەی کە کەمتەرخەم بوون.
20ـى مانگى رابردوو، زیاتر لە 100 خوێندکاری پۆلی 89 لە کۆلێژى چوارەمى سەربازى لە ناسریە، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و ماندووبوونی جەستەیى، تووشی بێهۆشبوون و ماندوویەتییەکی زۆر بوون. دوو خوێندکار گیانیان لەدەستداو، ژمارەیەكی دیكەشیان بۆ چارەسەری گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانە.
هەر بە هۆی ئەم رووداوە، وەزیری بەرگریی عێراق بڕیاری دوورخستنەوەی عەمیدی كولیژی سەربازیی چوارەم و چەند بەرپرسێكی دیكەی كۆلیژەكەی دا.