دیارترینیان بۆ لێدانی كەشتییە

ئێران تائێستا چەندین مووشەكی هەیە بەكاری نەهێناون

964+

محەمەد فاتیح

لە بەردەوامی مووشەكبارانكردنی نێوان ئێران و ئیسرائیل، تاران تا ئێستا دەستی بە جبەخانەیەكی مووشەكەكانییەوە گرتووە و بەكاری نەهێناون.

بەپێی زانیاریی میدیا جیهانییەکان و شارەزایانی جەنگ، ئێران خاوەنی کۆمەڵێک مووشەکی مەودا مامناوەندە، کە توانای گەیشتنیان بە ئیسرائیل هەیە بە مەودای زیاتر لە هەزار کیلۆمەتر و بە سووتەمەنی شل كار دەكەن، هەروەها مووشەکی بالیستی پێشکەوتووی هەیە، كە بە سووتەمەنی رەق كار دەكەن و زۆربەیانی لەم جەنگەدا بەكار هێناوە، بەڵام مووشەکی دیکەشی هەن و بەکاری نەهێناون.

دیارترین ئەو مووشەکانەی کە تائێستا ئێران بەكاری نەهێناون:

مووشەکی خوڕەمشار

ئەم مووشەکە مەودای دوو هەزار کیلۆمەترە و دەتوانێت سەرە بۆمب بە کێشی زیاتر لە هەزار و 500 کیلۆگرام هەڵبگرێت و تایبەتمەندە بە خێرایی بەرز و توانای مانۆڕکردن بۆ خۆدزینەوە لە بەرگریی ئاسمانی.

فەتاح 2

ئەم مووشەکە مەودای 1400 کم و خێراییەكی زۆری هەیە لە ناو بەرگەهەوادا، ئەمەش وایکردووە رێگریكردن لەم مووشەكە قورس بێت.

مووشەكی قاسم

مووشەکێکی بالیستی کورت مەودایە، کە لە ئۆپەراسیۆنە تاکتیکییە سەربازییەکان بەکاردێت و مەودای 200  بۆ 250 کم.

مووشەکی زولفەقار

مووشەکێکی زەوی بۆ زەوییە و مەودای مامناوەندی هەیە و تەکنەلۆژیایەكی پێشکەوتووی هەیە بۆ لێدانی كەشتی و مەودای لە نێوان 700 – 1000 كم دایە.

مووشەکی سۆمار

مەودای  لە 700 بۆ 2500 کم دەبێت، هەروەها توانای فڕینی هەیە بە نزمی ئەمەش وایکردووە دەستنیشانکردنی قورس بێت.

رەعد

مەودای 500 کم و بە سووتەمەنی رەق کاردەکات، لە تایبەتمەندییەكانی، کێشی سووکە و بە خێرایی هەڵدەدرێت.