پارەکەی هی پەرەپێدانی پارێزگایە

شەقامەکەی ناوبازاڕی پێنجوێن نۆژەنکرایەوە و دوو جێگای دیکەش بەڕێوەیە

964+

کامیار کەمال- پێنجوێن

لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای سلێمانی، دووسایدی ناوبازاڕی پێنجوێن نۆژەنکرایەوە کە قۆناغی سێيەمی نۆژەنکردنەوەی شەقامە سەرەکییەکانی قەزای پێنجوێنە.

پێشتر لە دوو قۆناغدا شەش کیلۆمەتریان نۆژەنکراوەتەوە و سەرجەمیان شەقامی سەرەکی بوون، رەزامەندی دوو پرۆژەی دیکەش وەرگیراوە کە یەکێکان 92 ملیۆن دینارە و ئەوی دیکەش 221 ملیۆن دینارە و نۆژەنکردنەوە و فراوانکردن لە خۆدەگرێت.

رەئوف رەشید سەرۆکی شارەوانی پێنجوێن بە 964ی وت، ئەمە سێهەم قۆناغی پرۆژەکەیە کە کۆی گشتی 452 ملیۆن دینار تەرخان کراوە و ئەمرۆ کۆتاییان بە کارەکان هێناوە.

بڕیاربوو پێش جەژنی قوربان شەقامەکان قیرتاو بکرێت، بەڵام دواکەوت و رەئوف رەشید لەو بارەیەوە وتی، هۆکارەکەی شکانی دەزگای قیرکردنەکە بووە و بۆ چاککردنەوەی براوە بۆ هەولێر و لەبەر ئەوەش داوای لێبوردنیان لە دوکاندارەکان کردووە کە لەو ماوەدا تەپوتۆزێکی زۆری هەبووە و بەپێی تواناش ئاویان بە تەنکەر رشتوە تاوەکوو تەپوتۆز کەمبکەنەوە.

شارەوانی پێنجوێن لە ماوەی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ بەپێی ئەو ئامارەی بڵاویکردوەتەوە، 22 پرۆژەی قیرتاوکردن و نۆژەنكردنەوەی رێگاوبان و قوتابخانە و دروستكردنی خانوو و دانانی ئاوەرۆ و دابینكردنی ئاوی پاكی هەبووە، لەگەڵ هەڵمەتی پاككردنەوە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

هاتوچۆی مەرزەکانی پێنجوێن ئاساییە

هاتوچۆی مەرزەکانی پێنجوێن ئاساییە