رێوڕەسمەکانی ماڵی خودا لە مەککە _ وێنە: ئەرشیفی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان
قسەی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستانە
“تا خۆمان راینەگەیەنین لە خۆتانەوە ریکلام بۆ دەستپێکردنەوەی عومرە مەکەن”
964+
ئەحمەد مستەفا
پڕۆسەی حەج تەواو بووە، ئیدی هەموو چاوەکان دەچنەوە سەر عومرە، ئەو لایەنەی لە هەرێمی کوردستان پڕۆسەکە رێکدەخات دەڵێ، تا خۆیان راینەگەیەنن هیچ کۆمپانیایەک بۆی نییە ریکلام بۆ گەشت و دەستپێکردنەوەی عومرە بکات.
پێشتر لە 11.5.2025 و پێش دەستپێکی پرۆسەی حەجی ئەمساڵ بە نووسراوی فەرمی هەموو کۆمپانیاکانی حەج و عومڕەمان ئاگادار کرابووەنەوە، کە تاوەکوو بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕە دەرگای پێشکەشکردن بۆ کۆمپانیاکان نەکاتەوە بۆ وەرزی عومڕە هیچ کۆمپانیایەک بۆی نییە تاک لایەنانە وادەی دەستپێکردنی گەشتەکانی عومرە رابگەیەنێت.
کاروان ستوونی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتییەکە ئەو بە 964ی وت، ئاگاداری هەموو خاوەن کۆمپانیاکانی حەج و عومڕەی کوردستان دەکەین، ئەوانەی مۆڵەتی فەرمییان لە بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕەی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە بە هیچ شێوەیەک ریکلام و بانگەشە بۆ گەشتی عومڕە نەکەن تاوەکو بە شێوەیەکی فەرمی لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەى کوردستان رادەگەیەنرێت.
بەڕێوەبەرایەتییەکە مەبەستییەتی، دەستپێکردنی پرۆسەی عومرەی ئەمساڵ بە پلانێکی توکمەوە و بە بەرنامەیەکی تازە و رێنمایی نوێ دەرگای پێشکەش کردن بە ڕووی کۆمپانیاکانی حەج و عومڕە بکاتەوە.
ستوونی باسی لەوەکرد، دەبێ کۆمپانیاکان خۆیان لە ریکلامکردن و دەستنیشان کردنی وادەی عومڕە بەدوور بگرن، تاوەکو بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕەی کوردستان رایدەگەیەنێت و هەر کەس و کۆمپانیایەکیش سەرپێیچی بکات، رووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی و کارگێری دەکەنەوە.