دیمەنی گوڵە گەنم - وێنە: 964
کێشەکە چارەسەر بوو
گەنمی جوتیارە کوردەکان خرایە پلانی وەرگرتنەوە
964+
ئەحمەد مستەفا
چارەسەری كێشەی وەرنەگرتنی بەرهەمی گەنمی جوتیارانی کوردی ناوچە دابڕێندراوەکان کەرکوک، دوزخورماتوو، مەخمور و دیالە کرا و ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا بە وەرگرتنی بەرهەمەکانیان.
ئەو بەرهەمانە، لە دەرەوەی پلان و گرێبەستی کشتوکاڵیی بوو، بۆیە سایلۆکان لە جوتیارانیان وەرنەدەگرت.
خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق لەبارەی چارەسەركردنی كێشەی وەرنەگرتنی گەنمی جوتیاران لە بڵاوکراوەیەدا دەڵێ، دوای بەدواداچوونەكان بۆ چارەسەری كێشەی وەرنەگرتنی بەرهەمی گەنمی جوتیارانی ناوچە دابڕێندراوەکان، بە بیانووی جوتیاران گرێبەستی كشتوكاڵی یاساییان نییە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا بە وەرگرتنی بەرهەمی گەنمی جوتیاران.
شوانی وتی، ئەو گەنمە کە لە دەرەوەی پلانن و گرێبەستی کشتوکاڵییان بوون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا حکومەت بڕیاری وەرگرتنت داوە و بەمەش کێشەی جوتیارانی ناوچە دابڕاوەکان چارەسەر بووە.
هەر دوێنێ، محەمەد عامر، جوتیارێکی کوردە و بۆ 964 ی گێڕایەوە، پاش ئەوەی گەنمەکە پێگەشتووە و هەمووی ئامادەکردووە بۆ فرۆشتن، حکومەتی عێراقی ئامادە نییە لە سایلۆکان لێیانی بکڕێتەوە بە بیانوی ئەوەی لە پلانی کشتوکاڵیدا نین.
جوتیارەکانیش بە ناچاری دەبێت بەرهەمەکانیان بفرۆشێتە بازرگانەکان کە ئەوانیش هەر تۆنێک بە نزیکەیی 350 هەزار دەکڕنەوە، لە کاتێکدا حکومەت بە 850 هەزار لە جوتیار دەیکڕێت.