فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی ئوردنی، فۆتۆ: سۆشیاڵ میدیا
لە فلایت رادار ئاسمانی ناوچەكە چۆڵە
ئوردن و لوبنان ئاسمانی وڵاتەكانیان بۆ گەشتەكانی فڕۆكە كردەوە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
دەستەی فڕۆكەوانیی هەریەكە لە وڵاتانی ئوردن و لوبنان رایگەیاند، ئاسمانی وڵاتەكانیان بۆ گەشتەكانی فڕۆكە كردەوە، دوای ئەوەی بەهۆی شەڕی ئیسرائیل و ئێران دایانخستبوو.
ئەمڕۆ شەممە 14.6.2025 دەستەی فڕۆكەوانیی مەدەنی ئوردن بڵاویكردەوە، كە لە كاتژمێر 7:30ی ئەم بەیانییە بە كاتی ناوخۆی وڵاتەكەیان، پانتایی ئاسمانی وڵاتەكەیان بە رووی گەشتەكانی فڕۆكە مەدەنییەكان كردەوە.
ئوردن دوێنێ رایگەیاند، كە هێزی ئاسمانی و سیستمی بەرگری ئاسمانی وڵاتەكەیان، رێیان لە چەند مووشەك و درۆنێك گرتووە، كە چووبوونە ئاسمانی وڵاتەكە، هەربۆیە هەر دوێنێش گەشتە ئاسمانییەكان راگرت.
ئەمە لە كاتێكدایە چەند هاوڵاتییەكی هەرێمی كوردستان، كە بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج لە سعودیە گەڕابوونەوە ئوردن و ترانزێتیان هەبوو، لەوێ گیریان خواردووە، بەڵام پێناچێت ئەمڕۆش بتوانن بگەڕێنەوە، چونكە بەپێیی تێبینییەكانی 964 بۆ سیستمی فلایت رادار، كە جوڵەی فڕۆكەوانی لەسەر گۆی زەوی راستەوخۆ پێشاندەدات، ئاسمانی عێراق و ئێران و سوریا و لوبنانیش داخراون، لە ئاسمانی ئوردنیش لە كاتی ئامادەكردنی ئەم هەواڵە، تەنیا دوو فڕۆكە دەبینرێن، كە یەكێكیان بچووكە و ئەویتریان نەفەرهەڵگرە بە ئاسمانی ئوردندا تێدەپەڕێت.
لە لای خۆیەوە وەزارەتی گواستنەوەی لوبنان بە هەمان شێوە كردنەوەی ئاسمانی وڵاتەكەی بە رووی گەشتە ئاسمانییەكان و فڕۆكە مەدەنییەكان راگەیاند، كە ئەوانیش دوێنی بەهۆی شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران دایانخستبوو.
بەڵام لوبنان رایگەیاند، كردنەوەی ئاسمانی وڵاتەكە بە شێوەیەكی كاتییە و تا ئەمشەو كاتژمێر 10:30 دەبێت و دواتر دایدەخەنەوە.
بەهۆی شەڕ و پێكدادانەكانی نێوان ئیسرائیل و ئێران، كە لە بەرەبەیانی دوێنێ هەینی دەستیپێكردووە، وڵاتانی ناوچەكە و ئەوانەی هاوسنووری ئێران و ئیسرائیلن، گەشتە ئاسمانییەكانیان بۆ ئەو دوو وڵاتە راگرتووە.