کۆبوونەوەى سودانى لەگەڵ بەرپرسانى کونسوڵخانەى ئەمریکا کۆبووەوە
پێى وتن"نیگەرانین"
عێراق لە بەکارهێنانى ئاسمانەکەى نیگەرانە؛ سودانى لەگەڵ بەرپرسانى باڵیۆزخانەى ئەمریکا کۆبووەوە
964+
وریا فەتاح
وادیارە بەکارهێنانى خاکەکەى عێراقى نیگەران کردووە، ئەوەتا هەر زوو سەرۆک وەزیرانى عێراق، نیگەرانى وڵاتەکەى گەیاند بە باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە بەغدا.
ئەمڕۆ هەینی، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەگەڵ ستیفن فەیگن،، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا و جەنەراڵ کێڤن لێهی، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان کۆبووەوە و هەڵوێستی توندی عێراقی لەبارەی هێرشەکەی سەر ئێران پێڕاگەیاندن.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی سەرۆک وەزیران، سودانی لە کۆبوونەوەکەدا وتویەتى،”هێرشکردنە سەر ئێران پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتی و کردەوەیەکی دوژمنکارانەیە کە ئاسایشی ناوچەکە و جیهان دەخاتە مەترسییەوە”.
ئاماژەى بەوەشکردووە، هێرشەکە لە کاتێکدایە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بەردەوامن، ئەمەش دەبێتە هۆى فراوانبوونى کێشەکان.
لەبارەى بەکارهێنانى ئاسمانى عێراقەوە، سودانى نیگەرانى وڵاتەکەى پیشانداوە و وتویەتى،”عێراق، بەکارهێنانى ئاسمانەکەى بۆ هێرشکردنە سەر هەر وڵاتێکى دراوسێ رەت دەکاتەوە”.
جەختیشى کردووەتەوە کە هەموو رێکارێکى یاسایى دەگرنەبەر بۆ پاراستنى سەروەرییەکە و داواى کرد رێز لەو بنەمایانە بگرن.
هەرچى کاربەرێکەرى باڵیۆزخانەى ئەمریکا و فەرماندەى هێزەکانى هاوپەیمانانە، جەختیان لەوەکردووەتەوە کە وڵاتەکەیان بەهیچ شێوەیەک بەشدارى لەو هێرشەدا نەکردووە و پابەندن بەوەى عێراق نەخەنە ناو ململانێکانەوە.