ئەو کەسەى لە کەوتنەخوارەوەى فڕۆکەکە رزگارى بووە
گیانلەدەستدان بۆ 290 کەس بەرز بووەوە
کەسێک بە شێوەیەکى سەیر لە کەوتنەخوارەوەى فڕۆکە هیندییەکە رزگارى بوو
964+
ژوورى هەواڵ
پۆلیسی ئەحمەد ئاباد رایگەیاند لەناو فڕۆکە لێقەوماوە هیندییەکە تاکە کەسێک رزگاری بووە کە لەسەر کورسی 11A دانیشتووە، بەڵام 290 کەس گیانیان لەدەستداوە کە ژمارەیەکیان لەو کافتریایە بوون کە فڕۆکەکەى لەسەر کەوتووەتە خوارەوە.
ڤیشواش کومار هەڵگری رەگەزنامەی بەریتانییە، تەنیا ئەو فرسەتی دەرچوونی هەبووە لەو 242 سەرنشینەی کە لە فڕۆکەکەدا بوون، لەسەر زەویش بەهۆی ئەو رووداوە 49 کەس گیانیان لەدەستداوە.
ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاند، تائێستا ئەوەی زانراوە 290 کەس بەهۆی رووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەوە گیانیان لەدەستداوە.
فڕۆکەی هێڵی ئاسمانی هیندستان لە جۆری (بۆینگ 8-787 دریملاند) لە شاری ئەحمەد ئابادی خۆرئاوای هیندستانەوە دەفڕی بۆ خوارووی لەندەن، لەناو فڕۆکەکە 242 کەس هەبوون، 169 کەسیان هیندی و 53 بەریتانی و 7 پورتوگالی و یەکێک کەنەدی بووە، لەگەڵ 12 کەس لە تیمی فڕۆکەوانی، پاش بەرزبوونەوەی لەسەر رێڕەوی ژمارە 23ی فڕۆکەخانە، فڕۆکەوانەکە داوای بەهاناوەچوونی کردووەو دوای ئەوە دەنگی بڕاوە.
کەناڵی CNNnews18ی هیندی رایگەیاند: فڕۆکەکە کەوتووەتە سەر هۆڵی نانخواردنی خوێندکارانی کۆلێژی پزیشکی حکومی لە شاری ئەحمەد ئاباد، بە هۆی ئەوەوە ژمارەیەکی زۆر خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی گیانیان لەدەستداوەو هێشتا ژمارەیەکی زیاتر ماون کە لەژوورەوە یان لە ژێر داروپەردوو گیریان خواردووە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، لە راگەیەنراوە سەرەتاییەکانى پۆلیسى ئەحمەد ئاباد راگەیەنرا، سەرجەم سەرنشینانى فڕۆکەکە گیانیان لەدەستداوە.