وێنەی ئەو ئۆتۆمبێلەی کە پەڕلەمانتارەکە بینیوویەتی خاشاکی فڕێ داوە - وێنە: ئەحمەد کەرکوکی
بۆ خاوێنی کەرکوک وادەکات
خۆڵ لە جامەوە فڕی مەدە؛ وێنەت دەگیرێ
ئەحمەد مستەفا
بەنسبەت خۆمەوە هەر ئۆتۆمبێلێک لەسەر شەقام ببینم لەجامەکەوە خۆڵ و خاشاک فڕێدەداتە دەرەوە، تەنیا وێنەیەکی ژمارەکەی دەگرم و بۆ هاتوچۆی دەنێرم، ئەمە قسەی پئەحمەد کەرکوکییە کە ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوکە.
ماوەیەکی و زۆر و لەوەتی پارێزگارە کوردەکە لە کەرکوک دەستبەکاربووە، خەمی ژینگەی شارەکە بووە بە رۆژەڤ و هەوڵدەدرێ لەناوخۆ و دەرەوەی سنوورەکەی، کەرکوک لە خۆڵ و خاشاکی زۆر و زەبەندە رزگار بکرێ.
پێشتر، رۆژانە لە کۆی هەزار و 100 تۆن زبڵ، شارەوانی تەنیا فریای هەڵگرتنەوەی 850 بۆ 900 تۆنی دەکەوت، واتا نزیکەی 200 تۆن خاشاک دەمایەوە بۆ رۆژی دواتر و بەوەش ژینگەی شارەکە بهرهو شێواوى زیاتر دەچوو.
بەڵام ئێستا، رۆژانە زیاتر لەو بڕە کۆدەکرێتەوە و ژمارەی ژینگەپارێزان زیاد کراوە، تەنانەت شارەوانی شارەکە زۆرینەی بڵاوکراوە و چالاکییەکانی پەیوەست کردووە و بە ژینگەی شارەکەو و دەڵێ، شەقامە پاکەکان بەرهەمی هەوڵ و ماندووبوونی ئەو تیمە خزمەتگوزارییانەیە کە لە هەموو کاتێک و لەژێر هەموو بارودۆخێکدا، درێغی لە جێبەجێکردنی ئەرکەکەیان ناکەن.
لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتانە، ئەحمەد کەرکوکى، ئەندامێکى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک لە بڵاوکراوەیەکدا، وێنەی ئۆتۆمبێلێکی تۆمارکردووە لە کەرکوک، کە دەڵێت خۆڵ و خاشاکی لە جامەکەیەوە فڕێ داوە و ناردوویەتی بۆ هاتوچۆی کەرکوک تا سزای بدەن.
ئەو ئەندامى ئەنجومەنە، داوا دەکات خەڵکیش وەک ئەو بکەن، وێنەی ئەو ئۆتۆمبێلانە بگرن و بۆ هاتوچۆی کەرکوکی بنێرن، رێکاریی یاسایی تاوەکو و حجزکردنی سەیارەکەی لەدژی دەگیرێتەبەر.