گرێبەستەكان بەبێ ئامادەبوونی لایەنی عێراقی واژۆ كراوە
هەرێمی كوردستان و هۆڵەندا سێ گرێبەستیان واژۆ كرد
964+
محەمەد فاتیح
دوای ئەوەی هەرێمی كوردستان چەند رێكەوتنێكی لەگەڵ ئەمریكا بەبێ ئامادەبوونی لایەنی عێراقی واژۆ كرد و كاردانەوەی توندی حكومەتی عێراقی لێ كەوتەوە، ئەمجارەیان دووبارە بەبێ ئامادەبوونی لایەنی عێراقی سێ گرێبەست لە نێوان هەرێم و هۆڵەندا واژۆ كرا.
ئەمڕۆ چوارشەممە 11.6.2025 وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە لە میانەی کۆربەندی ئابوری و بازرگانی لە هۆڵەندا، سێ گرێبەستی گرنگ لە بواری پەرەپێدانی کشتوکاڵی واژۆ کرا.
وتيشى، “سەروەر کمال هاواری و علی عوسمان بریکارانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لە شاری لاهای هۆڵەندا، لەگەڵ وەفدێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتوون لە وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و نوێنەری حکومەتی هەرێم لە یەکێتی ئەوروپا و بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومەتی هەرێم و بازرگانانی هەرێمی کوردستان، بەشداربوون لە کۆربەندی هاوبەشی ئابوری و بازرگانی نێوان حکومەتی هۆڵەندا و هەرێمی کوردستان، هاوكات سێ گرێبەست لە نێوان كۆمپانیاكانی كوردستان و هۆڵەندا واژوو كرا”.
لە بەیاننامەكەدا هاتووە لە کۆربەندەکەدا چەندین بابەت پێشکەش کران و جەخت کرایەوە لەسەر پلان و دەرفەتەکانی وەبەرهێنان و پێشخستنی سێکتەری کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان، هەروەها داواکرا لە بەرپرسانی حکومەتی هۆڵەندا و وەبەرهێنەران و خاوەن پڕۆژە و کۆمپانیا بەشداربووەکانی ئاستی جیهانی و کوردستانی، کە بەیەکەوە هەماهەنگی بکەن و رۆڵیان لە بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری و هەرێمی کوردستان هەبێ.
حكومەتی عێراق پێی وایە، هەرێمی كوردستان بۆی نییە تاكلایانە و بەبێ ئامادەنەبوونی لایەنی عێراقی گرێبەست لەگەڵ وڵاتاندا واژۆ بكات.
رۆژی دووشەممە 9.6.2025 شاندی هەرێمی كوردستان بەشداری كرد لە كۆڕبەندێكی ئابووری جیهانی کە لەلایەن سەنتەری نێودەوڵەتی(WHC)بە هەماهەنگی وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هۆڵەندی رێکخرا بوو.