نێچیرڤان بارزانى:

جەژنتان پیرۆز؛ دەبێت کێشەکان لەسەر بنەماى دەستور و یاسا و رێککەوتنەکان چارەسەر بکرێن

964+

وریا فەتاح

سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە پەیامێکدا، جەژنى قوربان لە موسوڵمانانى کوردستان دەکات، جەختیش دەکاتەوە لە چارەسەرکردنى کێشەکانى نێوان هەرێم و بەغدا لە رێگەى دەستور و یاسا و رێککەوتنەکان.

لە پەیامەکەیدا، نێچیرڤان بارزانى دەڵێت: کێشه‌ى مووچه‌خۆرانی هەرێمی کوردستان، ده‌بێ به‌ گفتوگۆ و لێکگه‌يشتن، له‌سه‌ر بنه‌ماى دەستوور و یاسا و ڕێککەوتنەکان چاره‌سه‌ر بکرێت که‌ خزمەت بە بەرژەوەنديی گشتيى وڵات بکات.

هاوڵاتیانیش دڵنیا دەکاتەوە کە بەردەوان دەبن لە داکۆکیکردن لە مافەکانیان و هەموو رێگەچارەیەکی دەستووری دەگریە بەر.

دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی:

به‌ بۆنه‌ى هاتنه‌وه‌ى جەژنی قوربانه‌وه‌، جوانترين و گه‌رمترين پيرۆزبايى پێشکەش بە هەموو موسڵمانان له‌ هه‌رێمى کوردستان، عێراق و جيهان ده‌که‌م. له‌ خواى مه‌زن داواکارم جه‌ژن به خێر و خۆشى بگه‌ڕێته‌وه‌ و ئارامى، ئاسووده‌يى و کامه‌رانى بۆ هه‌مووان له‌گه‌ڵ خۆيدا بهێنێت.

لەم بۆنه‌ پيرۆزه‌دا، داکۆکى له‌ واتا و ماناکانی جه‌ژن له‌ قوربانیدان و بەزەیی و ئاشتبوونه‌وه‌ ده‌که‌ين‌. بانگەواز نوێ دەکەینەوە بۆ بەهێزکردنی گيانى لێکگەیشتن و هاوکاری و کارکردنی هاوبەش بۆ تێپەڕاندنی کێشه‌ و ئاڵنگارييه‌کان و چەسپاندنی بنەماکانی دادپەروەری و دڵنیابوون لە ژیانێکی شایستە بۆ هەموو هاووڵاتیيان.

کێشه‌ى مووچه‌خۆرانی هەرێمی کوردستان، ده‌بێ به‌ گفتوگۆ و لێکگه‌يشتن، له‌سه‌ر بنه‌ماى دەستوور و یاسا و ڕێککەوتنەکان چاره‌سه‌ر بکرێت که‌ خزمەت بە بەرژەوەنديی گشتيى وڵات بکات. کوردستانييان دڵنیا دەکەینەوە کە بەردەوام دەبین لە داکۆکیکردن لە مافەکانیان و هەموو ڕێگەچارەیەکی دەستووری دەگرینە بەر.

هیوادارین ئەم بۆنە پیرۆزە، ببێتە هاندەرێکی نوێ بۆ باڵادەستکردنی زمانی لۆژيک و بەرپرسیاريه‌تيی هاوبه‌ش، بە شێوەیەک دڵنیايى لە داهاتوویەکی باشتر بۆ هەموو پێکهاته‌کانى عێراق بدات.

جه‌ژنى قوربان له‌ هه‌مووان پيرۆز بێت، هه‌موو ساڵێک به‌ خۆشى.

نێچيرڤان بارزانى

سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان

2025/6/5

جەژنتان پیرۆز؛ هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ تێپەڕاندنى ئەم د...

جەژنتان پیرۆز؛ هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ تێپەڕاندنى ئەم دۆخە