مەزارێک لە مەندەلی دەرمانی چەند دەردێک دەكات
“ئەوەی ئیمانداربێت (مار)ێكی لێ پەیدا دەبێت”
+964
راژان باجەڵان – خانەقین
لە نێوان قەزای مەندەلی و ناحیەی قەزانیە، سەرچاوەیەکی ئاوی کبریتی هەیە کە خەڵک رۆژانە سەردانی دەکەن بۆ عیلاجکردنی نەخۆشییەکانی پێست، بەپێی بیروباوەڕی ئەو كەسانەی سەردانی دەكەن، ئەوە موعجیزەی مەرقەدێکی پیرۆزی ئەوێیە بە ناوی” حاجی یوسف” نەک دیاردەیەکی سروشتی.
ئەبو یوسف یەکێک لەو کەسانەیە کە پەیامنێری 964 لەوێ چاوی پێکەوت و لەگەڵ گفتوگۆ و قسە و باسەکەی وتی، حاجی یوسف لە نەوەکانی ئیمامی حەسەنە و کوڕەکەم هێناوە بۆ ئەم شوێنە بەهۆی ئەوەی نەخۆشییەکی پێستی هەیە، ئێمە خۆمان لە بەغداوە هاتووین بۆ ئەم شوێنە و ئەمە یەکەم جار نییە، بەڵکو باوکم پێشتر نەخۆشی پێستی هەبووە و لەرێی ئەم ئاو و قوڕەوە چارەسەری کردووە.
ئەم شوێنە بە دەرمانخانەکەی حاجی یوسف ناوبانگە و بە پێی هەندێ بیروباوەڕ کە خۆیان باسی دەکەن، ئەگەر لە ئاوەکە مەلە بکەیت و ئیمانت پێی هەبێت، ئەوا مارێکی زۆر گەورە دەبینیت و لەگەڵ بینینی مانای ئەوەیە ئیتر لەو نەخۆشییە نەجاتت بوو.
ئەم شوێنە لە بەهار و پاییز زۆرترین سەردانیکەری هەیە لە تەواوی عێراقدا، چ بۆ گەشتێکی ئایینی و چ بۆ گەشتێکی چارەسەر و هەر کەسێکیش توانای هاتنی نەبێت، کەمێک قوڕی بۆ هەڵدەگرن و بۆی دەبەن، بۆ ئەوەی چارەسەر وەربگرێت.
پێداچوونەوە؛ ئەرسەلان عەبدوڵا