بۆ بە جینۆساید ناساندنی كیمیابارانی هەڵەبجە

پڕۆژەیەك سەبارەت بە هەڵەبجە پێشكەش به پەرلەمانی سویسرا كرا

964+

محەمەد فاتیح

بە مەبەستی ناساندنی تاوانی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە و بە دەستهێنانی پاڵپشتیەكی جیهانی بۆ ئەو پرسە، گروپی پەرلەمانتاران بۆ داكۆكیكردن لە مافی نەتەوەی كورد لە هەر چوار بەشی كوردستان، لە پەرلەمانی سویسرا، پشتیوانیان لە وەرگرتنی پرۆژەیەك كرد بۆ ناساندنی كیمیابارانی هەڵەبجە لە ساڵی 1988 وەك تاوانی جینۆساید.

سالار سەرحەد خەلیفە یونس سەرۆكی وەفدەكە لە بڵاوكراوەیەكدا كە كۆپیەكی بۆ 964 ناردووە دەڵێت، ” ئامانجی ئەم پرۆژەیە ئەوەیە پەرلەمانی سویسرا هاوشێوەی پەرلەمانی( بەریتانیا، هۆڵندا، سوید و نەرویژ) بە فەرمی دان بەو تاوانانەدا بنێت كە لە دژی گەلی كورد ئەنجام درا.

وتيشى، جەختمان لەسەر گرنگی بە فەرمی ناساندنی ئەم تاوانانە وەك جینۆساید كردووەتەوە، بۆ دادپەروەری و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە تاوانە دڕاندانە لە داهاتوودا دژی گەلە ژێر دەستەكانی دونیا”

بەپێی پرۆژەكە، كمیابارانی هەڵەبجە كە زیاتر لە (5000) كەسی شەهیدكرد و هەزاران كەسی تری برینداری كرد، دەبێت وەك “تاوانێكی دژی مرۆڤایەتی و جینۆساید” بناسێنرێت.

بڕیارە پڕۆژەكە لە كۆمیتە پەیوەندیدارەكانی پەرلەمانی سویسرا، بە تایبەت كۆمیتەی (یاسا و دادگەری)، راپرسی لەسەر بكرێت تا بخرێتە بەرنامەی پەرلەمانی سویسرا، بۆ داننان بە كیمیابارانی هەڵەبجە وەك تاوانێكی جینۆساید.

رۆژی 16.3.1988 رژێمی لەناوچووى سەدام كیمیابارانی شاری هەڵەبجەی كرد و پێنج هەزار كەس لە منداڵ و ژن و پیاو و پیر و گەنج شەهیدبوون، ژمارەیەكی زۆریش ئاوارە بوون و چەندین كەسيش بەو چەكە برینداربوون و تا ئێستاش بە ئازارەكانیانەوە دەناڵێنن.