دەستەبەری كۆمەڵایەتی سلێمانی بۆ 964

“فشارێكی زۆر لەسەر بەڕێوەبەرایتییەكەمان درووست بووە”

964+

محەمەد فاتیح

دەستەبەری کۆمەڵایەتی سلێمانی دەڵێت فشارێکی زۆر لەسەریان دروستبووە و كارەكانیان وردبینی زۆری دەوێت و رۆژانە بە دەیان كەس مامەڵە پێشكەش دەكەن.

شیروان مەجید سادق بەڕێوەبەری دەستەبەری كۆمەڵایەتی پارێزگای سلێمانی بە 964 ـی وت، “پێویستە هەموو خاوەن كارێك مانگانە بڕی پارەی دەستەبەری كۆمەڵایەتی بدات بۆ كارمەند و كرێكارەكانی و لە بەرامبەردا  هەموو كارمەند و كرێكارێك مافی حانەنشین بوونی هەیە، بە مەرجێك بۆ پیاو تەمەنی بگاتە 60 ساڵ و خزمەتی 20 ساڵی هەبێت، بۆ ژنیش دەبێت تەمەنی 55 ساڵ بێت و 20 ساڵ خزمەتی هەبێت”.

ئەو دەڵێت، “كاتێك كرێكارەكە یان كارمەندەكە دەمرێت كەسوكارەكەی پارەى خانەنشین بوونەكەی وەردەگرن یان ئەگەر لە كاتی كاركردنەكەی كەمئەندام ببێت بەهەمان شێوە خانەنشین دەكرێت و هەرچ كاتێكیش لە كەرتی حكومی دامەزرا دەتوانێت خزمەتەكەی بخاتەسەر حكومی و هەروەها دەتوانێت پاداشتی كۆتایی خزمەت وەربگرێتەوە”.

وتيشى، “ژمارەی كرێكارە خانەنشینبووەكان 300 كەسە و تاكو ئێستا هیچ موچەیەكیان نەفەووتاوە و سەرجەم موچەكانیان بەبێ‌ لێبڕین وەرگرتووە، چونكە ئێمە موچەكانیان لە داهاتی فەرمانگەكەمان و پارەی خودی سندوقی كرێكارەكان دەدەین”.

“ژمارەیەكی زۆر لە كرێكاران روومان تێدەكەن بۆ پێشكەش كردنی مامەڵەی وەرگرتنی پاداشتی كۆتایی خزمەت و فشارێكی زۆر لەسەر بەڕێوەبەرایتییەكەمان درووست بووە و رۆژانە بە دەیان كەس داوای ئەو پاداشتە دەكەن و ئەمەش ئەركێكی قورسە بۆ سەر شانی ئێمە و پێداچوونەوەیەكی ورد و كاتی دەوێت و زۆری ژمارەكان و كەمی توانای فەرمانگەكانیش، پاشان لە مانگی 12 بۆ مانگی 2 خەرجییەكانی حكومەت راگیرابوون، ئەمانە هۆكارن بۆ كەڵەكەبوونی ژمارەیەكی زۆر لە مامەڵەكان”.

داوی ئەوەی 964 بەداواچونی كرد و بۆی دەركەوت مامەڵەی وەرگرتنی پاداشتی خزمەت لە بەڕێوەبەرایەتی دەستبەری كۆمەڵایەتی سلێمانی دوادەكەوێت و هەندێك جار پشتگوێ‌ دەخرێت، پەیوەندی بە بەشی سكاڵای وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی هەرێمی كوردستان كرد، ئەوانیش بۆیان پشتڕاستكردەوە و وتيان خەڵكێكی زۆر لە سلێمانی سكاڵایان لەسەر ئەو حاڵەتە بەرزكردووەتەوە و بەڵێنیان دا چارەسەری بكەن.