هێڵی شەقامەكان كاڵبوونەتەوە
هاتوچۆی سلێمانی ناتوانێت شەقامەكانی رەنگ بكاتەوە
+964
ئەحمەد محەمەد _ سلێمانی
بەهۆی تەرخان نەكردنی بۆیاغ، لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی هەرێمەوە هاتوچۆی سلێمانی دەستەوەستان بووە و ناتوانێت شەقامەكانی بۆیاغ بكاتە و بەڕێوەبەری ئەندازەی هاتوچۆش دەڵێت، بۆ دەستپێكردنەوەی چاوەڕێن لە وەزارەتەوە بڕی پێویستییان بەدەست بگات.
ساڵانە دوای وەرزی باران بارین، بەشی ئەندازەی هاتوچۆی سلێمانی بە پێی پێویستی شەقامەكان هێڵەكانی پەڕینەوە و هێڵی نێوان سایدی شەقامەكانی رەنگدەكردەوە، بەڵام ئەمساڵ تا ئێستا پڕۆسەكە دەستیپێنەكردووە و بەشێكی زۆری شەقامەكانیش كاڵبونەتەوە.
لەبارەی دەستیپێنەكردنەوەی پڕۆسەكەوە، كانی حسێن بەڕێوەبەری ئەندازەی هاتوچۆی سلێمانی بە 964ی وت، ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی پێشوو، بەهۆی تەرخاننەكردن و نەبوونی بۆیاغ هاتوچۆی سلێمانی دەستی بە بۆیاغكردنی شەقامەكان نەكردووە و تاوەكو ئێستا چاوەڕێین بڕی پێویستی پارێزگاكەمان بەدەست بگات.
وتیشی، هەوڵێك هەیە و بەڵێنمان پێدراوە لە هەفتەی ئایندە بۆمان بنێرن، بەڵام نە بڕەكەی و نە كاتی گەیشتنەكەشی بەدیاریكراوی نازانین، بۆیە ناتوانین وادەی دەستپێكردنەوەی پڕۆسەكەش لای خۆمان دیاری بكەین.
دەشڵێت، ساڵی پێشوو بڕی 110 تەن بۆیاغمان بەدەست گەیشت، بەڵام بەشی هەموو شەقامەكانی سلێمانی نەكردوو داوامان لە لیژنەی وەزارەت كردووە بۆ ئەمساڵ بڕی پێویستمان بۆ زیاد بكەن، بۆ ئەوەی بەشی زۆری شەقامەكان نۆیاغ بكەینەوە.
وەك باسی دەكات، نۆژەن نەكردنەوەی قیری شەقامەكان و بوونی زۆری چاڵ و چۆڵی شەقامەكانی سلێمانیش گرفتن بۆ پڕۆسەكە و ئامێرەكانیان ناتوانن بۆیاغی شەقامێك بكەن كە رەگلە و چاڵی تێدابێت، داوامان كردووە پێش پڕۆسەی هێڵكارییەكە، شەقامەكان نۆژەن بكرێتەوە.
“بۆ ئەمساڵ لە پلانماندایە، دوای نۆژەنكردنەوەیان تەواوی شەقامی بازنەیی مەلیك مەحمود و شاڕێی سالم تادەگاتە تاسڵوجە، هێڵەكانی رەنگ بكەینەوە” كانی حسێن وای وت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی