لۆگۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق - وێنە: 964
دوای قسەکەی تەیف سامی
یەکەم کاردانەوە لە هەرێمەوە؛ کێشەکانمان چارە دەبن
964+
ئەحمەد مستەفا
“کێشەکانمان چارە دەبن، هەر حەق سەردەکەوێت”، ئەمە بەشێکە لە نوێترین بڵاوکراوەی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەدوای ئەوەی وەزارەتی دارایی عێراق نوسراوی بۆ هەرێم ناردووە و وتوویەتی، چیتر ناتوانن مووچە بنێرن.
پێشەوا هەورامانی لەو بڵاوکراوەیدا، سفەتی وتەبێژی حکومەتی بۆ خۆی زیاد نەکردووە، بەڵام قسەکانی فەڕمی دیارن و لەگەڵ وێنەیەکی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دایناوە و بڵاوی کردووەتەوە.
هەورامانی دەڵێت، “مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان نە خۆی و نە پێش خۆی و نە پێشتریش، نە سەر شۆڕی قبوڵکردووە و نە لە ئایندەش دەیکات، ئیتر کێ زەلیلی قبوڵە با هەر لەو زومرەیە بێت و ناوی هەر لەناو سەر شۆڕان بارزبێت”.
لەبارەی هەڵوێستیان نوسیوویەتی، “کوردستان و گەلەکەی، داهاتوویەکی پرشنگدار چاوەروانییەتی، ئەوانەشی سەنگەری بەرگری و مافی گەلی خۆیان بەردەدەن نەفرەتی مێژوو چاوەرێیان دەکات”، هەورامانی زیاتر نووسیوتەتی، ” 60 ساڵە برسیکردن و قڕکردن وەکو قێزەونترین رێگا بەکاردێت ئەنجامەکەشی یەک شت بووە، گەلی کوردستان سەربەرزتر و بەهێزتر بووە”.
ئەو قسانەی پێشەوا هەورامانی لەکاتێکدایە، وەزارەتی دارایی عێراق لە نوسراوێکدا کە ئاراستەى حکومەتى هەرێمى کوردستانى کردووە، دەڵێت، “داهاتى نەوتى و نانەوتى لە 2023 تاوەکو نیسانی ئەم ساڵى هەرێمى کورستان گەیشتووەتە 19.9 تریلیۆن دینار، بەڵام 598.5 ملیار دینارى رادەست کراوه”.
ئەو زانیارییانەى وەزارەتەکە بە گوێرەى نووسراوێکە کە وەزارەتى دارایی فیدراڵ ئەمڕۆ چوارشەممە 28ـی ئایارى 2025 بە ناونیشانى “پارەدارکردنى مانگى ئایار”، ئاراستەى حکومەتى هەرێمى کوردستانى کردووە.
نووسراوەکە تایبەتە بە داهاتى نەوتى و نانەوتى هەرێمى کوردستان کە گوایە تاوەکو نیسانى 2025 بڕى 199 ملیار و 346 ملیۆن و 211 هەزار و 877 دینار رادەست بەبەغدا کراوە، نوسراوەکە بە پشتبەستنە بە دوو نوسراوى دیوانى چاودێرى دارایی عێراق لە رۆژانى 9ـی نیسان و 25ـی ئایاردا.
لە نوسراوەکە هاتووە کە بە گوێرەى ئەو ژمارانە، هەرێمى کوردستان رێژەى 12.7%ـی پشکەکەى لەیاسای بودجەى گشتى تێپەڕاندووە کە 13.5 تریلیۆن دینارە، تەیف سامى رایگەیاندووە، بە گوێرەى یاسای بوجەى گشتى و بڕیارى دادگاى باڵاى فیدراڵى، ناتوانێت بەردەوام بێت لە پارەدارکردنى هەرێمى کوردستان.