سەرمەخەنە سەریان
“ئەم چەند رۆژە واز لە خوێندکارانی پۆلی 12 بێنن”
964+
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
ئەو مامۆستا و پەروردەکارەی زۆرجار لە کۆڕ و کۆبووەنەکانی خوێندکار دەردەکەوێ، دەیەوێت دایک و باوکان ئەم چەند رۆژە هیچ سترێس و قەلەقییەک بۆ خوێندکارەکانی پۆلی 12 لە ماڵەوە دروست نەکەن.
رۆژی 1.6.2025. تاقیکردنەوەی قۆناغی 12ی ئامادەیی بۆ هەموو بەشەکان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان دەستپێ دەکات.
دکتۆر بەختیار تاڵەبانی، مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی گەشەپێدانی مەدەنی، ئەمڕۆ بەشداری کۆڕێکی خوێندکارانی کرد، ئەو بە 964ی وت، هەر خوێندکارێک ئەم چەند رۆژە و لەماوەی تاقیکردنەوەکان کۆششی پێویستی کردبێت، قەلەقی تەواو کەم دەبێتەوە.
ئەو پەروردەکارە دەڵێ، بیرکردنەوەی خوێندکاران زۆر گرنگە وا هەست بکەن، ئەو مەنهەج و پڕۆگرامەی هەیانە دەتوانن بەسەردیدا زاڵ ببن، بەختیار تاڵەبانی وتی، کەم خەوی و کەم خواردنی هۆکارە بۆ ماندوبوون و لەبیرچوونەوە، دەبێت خوێندکار خەوی پێویست بکات، تایبەت شەوی پێش تاقیکردنەوە.
ئەم 20 بۆ 25 رۆژە قابیلی ئەوە نییە دایک و باوک زۆر بچن بە چواردەوری خوێندکارەکەیان و سەر بخەنە سەریان، بەڵکو وازی لێبهێنن بۆ کۆششت خۆی.
تاڵەبانی وتی، باشترە خوێندکاران ئەوە بزانن قۆناغی 12 بەڵگە نییە لەسەر سەرکەوتنی خوێندکارەکە یان دواکەوتنی لە ژیان، باشتر وایە رۆژانی تاقیکردنەوەش کە دێنەوە، وەرەقەی تاقیکردنەوەکە سەح نەکەن، چونکە کاریگەری دەبێ لەسەر دەروونیان و هەوڵبدەن سەرجەم تاقیکردنەوەکان لە خولی یەکەم ئەنجام بدەن.
داڕشتنەوە: ئەحمەد مستەفا