ژمارەیەكی زۆری ئارایشتگا و سەرتاشخانە داخران

ئەوانەی لە هەولێر ئایدزیان هەبوو سێ كەس بوون یان زیاتر؟

964+

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

لەگەڵ راگەیاندنی تۆماركردنی سێ تووشبووی نوێی نەخۆشیی ئایدز لە هەولێر، دەنگۆ و مقۆمقۆی ئەوە هەبوو ژمارەكە لە سێ كەس زیاترە و باس ناكرێت، ئەمەش ترس و دڵەڕاوكێی لای هاوڵاتیان دروست كرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە 28.5.2025 كارزان ئەحمەد بەڕێوبەری هۆبەی نەخۆشییە گوازراوە رەگەزییەكان لە هەولێر، بۆ 964 وتی، لە ئەنجامی بەدواداچوونەكانمان دەركەوت سێ حالەتی ئایدز هەیە و دەستبەجی رەوانەی وڵاتی خۆیان كرانەوە، ئەوانەشی باسی ژمارەیەكی زیاتر لەوە دەكەن، “تەنیا لە پشت لاپتۆپەكانیان قسەی گەورە دەكەن”.

سەبارەت بەوەی كەیسەكان كۆنن و تازەكی راگەیاندراون، كارزان ئەحمەد روونیكردەوە، ئەمەش راست نییە و كەیسەكان نوێ بوون.

ئاشكراشی كرد، ژمارەیەكی زۆری ئارایشگای ژنان و سەرتاشخانەی پیاوان داخراون، بۆ ئەوەی رێكبخرێنەوە و مۆڵەتەكانیان نوێ بكەنەوە و پابەندی رێنماییە تەندروستییەكان بن.

“هەموو ئارایشتگا و سەرتاشخانەكانمان ئاگادار كردووەتەوە، دەبێت مۆلەتی تەندروستی كارمەندەكانیان نوێ بكەنەوە”، كارزان ئەحمەد وای وت.

هەروەها رێنمایی ژنان و پیاوان دەكات، كە پێویستە لە سالۆن و سەرتاشخانەكان لە كارتی تەندروستی كارمەندەكان بپرسن و لە مووس و مەقەست و كەلوپەلی ئەو شوێنانە دڵنیابن لە رووی پاكوخاوێنییەوە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

سێ‌ حاڵەتی ئەیدز لە هەرێم دەستنیشانكران

سێ‌ حاڵەتی ئەیدز لە هەرێم دەستنیشانكران