"لە هەولێر هەر لیستێک دەتوانێت چوار بۆ 30 کاندیدی هەبێت"
دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کرایەوە
964+
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
لەمڕۆوە ناوی کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق وەردەگیرێت و بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەولێری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش دەڵێت، لە بازنەی هەولێر، هەر لیستێک دەتوانێت چوار بۆ 30 کاندیدی هەبێت.
مەروان محەمەد بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەولێری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە 964ـی وت، “لەمڕۆوە دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ کاندیدەکان دەکەنەوە و تا 24.6.2025 لیستی کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق وەردەگرن، لەو ماوەیەدا پێویستە نوێنەری رێپێدراوی حزب و لایەنە سیاسییەکان سەردانی بەغدا بکەن بۆ ئەوەی کۆدی تایبەتی خۆیان وەربگرن”.
ئاماژەی بەوەشکرد، مەرجی خۆپاڵاوتن تەواو جیاوازە لە هەڵبژاردنەکانی کوردستان، بە لەبەرچاوگرتنی یاساکانی پەرلەمانی عێراقی و شوێنی جوگرافی.
مەروان محەمەد زیاتر روونیکردەوە و وتی، ئەو کەسانەی خۆیان کاندید دەکەن مەرج نییە خەڵکی هەمان ئەو شارەبن کە تێیدا کاندیدن.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری