خەریکە دەبێتە سکانداڵێکی گەورە
چەند ساڵە بایدن ئەمریکا بەڕێوە نابات
+964
ژووری هەواڵ
چەند ساڵێکە بایدن ئەمریکا بەڕێوە نابات، ئەم نهێنییە لە خەڵک شاردراوەتەوە، ئەمە ئەو قسەیەیە کە کۆمارییەکان دەیکەن.
نەخۆشییەکەی جۆ بایدنی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا خەریکە دەبێتە سکانداڵێکی گەورە، چونکە وردە وردە ئاشکرا دەبێت دەمێکە بەم نەخۆشییە زانراوە، بەڵام پزیشکەکان و یاریدەدرەکانی شاردراوەتەوە.
هەفتەی پێشوو بەڕێوەبەری نووسینگەکەی جۆ بایدن ئاشکرایکرد کە سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، تووشی جۆرێکی ترسناکی شێرپەنجەی پرۆستات بووە، لە دوای ئەو راگەیاندنەوە قسەی زۆر دروست بوو، کەم نین ئەو کەسانەی دەڵێن، بایدن زۆر پێشتر تووشی شێرپەنجە بووە، شاردراوەتەوە.
لە ئەمریکا وا باوە کە سەرۆک دەبێت پشکنینی تەواوی تەندروستی بکات و ئەنجامەکەی بۆ خەڵک ئاشکرا بکرێت، دواهەمین راپۆرتی پزیشکیی بایدن لە مانگی شوباتی ساڵی 2024 بڵاوکراوەتەوە، ئەوکات هیچ ئاماژەیەک نەکراوە بەوەی شێرپەنجەی هەبێت.
بەڵام وردە وردە زانیاری ناچوونیەک لەلایەن کەسە نزیکەکانی بایدنەوە دزە دەکات، گومانی بەهێز ئەوەیە کە بایدن هەر لە سەرەتای ماوەی سەرۆکایەتییەکەی لە ساڵی 2021 تووشی ئەم نەخۆشییە بووبێت، بەڵام بە خەڵکیان نەوتبێت.
هەندێ لە میدیا ئەمریکییەکان باس لەوە دەکەن کە چوار مانگی کۆتایی سەرۆکایەتی بایدن ئەوەندە وەزعی خراپ بووە هەندێ لە راوێژکارەکانی پێشنیاریان کردووە لەسەر کورسی تایەدار هاتوچۆی بۆ بکرێت، تانانەت زۆر کەسی تر دەڵێن، بایدن بە فیعلی ئەمریکای بەڕێوە نەبردووە و ئاگای لە هیچ نەبووە.
گومانی بەهێز ئەوەیە کە هەم تیمەکەی و هەم پزیشکەکان و هەم میدیا گەورەکان دەستیان هەبووبێت لە شاردنەوەی ئەم زانیاریانەدا، بۆیە ئەگەر ئەمە ئاشکرا ببێت دوور نییە کەسە نزیکەکانی بایدن بە خێزانەکەی و کامالا هاریسیشەوە تووشی لێپێچینەوە ببن.