"بەشێکی گۆڕستانەکە تێکدراوە"
دوو یادگەی پۆڵەندییەکان لە خانەقین سیمای پیربوونیان پێوە دیارە
964+
راژان ماجد – خانەقین
لە خانەقین دوو جێپەنجەی مێژوویی پۆڵەندییەکان ماوەی 81 ساڵە ماونەتەوە، گەرچی نە پاراستنی رەنگ و سیماکەی شێواندووە، بەڵام وەک دیکۆمێنتێک لە هەناوی شارەکە پارێزراوە و بەرپرسانی پۆلەندی لە هەرێم و عێراق، بڕیاریان هەیە نۆژەنی بکەنەوە.
ئەو پۆڵەندییانە، کە لە ساڵی 1939 لە ئەنجامی داگیرکاری وڵاتەکەیان ئاوارەی عێراق بوون، ژمارەی زیاتر لە 48 هەزار کەس بوو، کە هاتوونەتە عێراق و لە بەغدا، کوت، کەرکوک، خانەقین نیشتەجێ کراون، ئەوانەی هێنراونەتە خانەقین لە ساڵی 1939 ژمارەیان سێ هەزار سەرباز و هاوڵاتی بووە.
ئێستا و پاش چەندین ساڵ، لە دوورە بەرزاییەکی سەر یەکێک لە سنورەکان خانەقین و لە لاپەڕە لەبیرکراوەکانی مێژوو، لە نێوان یادگارییەکان و بیرەوەرییەکان لەو شارە، پۆڵەندییەکان جێپەنجەی خۆیان جێ هێشتووە وەکو چیرۆکێک کە تا ئەمڕۆ جار جارێک باس بکرێت و لە جەنگی جیهانی دووەمەوە دەست پێ بکات و لە چیاکانی کوردستان کۆتایی پێ بێت.
هاتنی پۆڵەندییەکان بۆ خانەقین تەنیا بۆ مەبەستێکی سەربازی نەبووە، بەڵکو چیاکان باس لە هاتنیان دەکەن وەک ئاوارە و پەنابەرێک لەو شارە، لە چلەکانی سەدەی رابردوو پاش ئەوەی جەنگی جیهانی دووەم فراوانبونێکی گەورەی بە خۆوە بینی، خانەقین بوە هێڵی پەڕینەوە و لە هەمان کاتدا باوەشێکی گەرمیش، بۆ ئەو پۆڵەندییانەی کە تیایدا مانەوە و لەو شوێنانە چەندین یادگارییان جێهێشت.
سەربەست برزو، مێژوونوس بە 964ی وت، سەربازێکی پۆڵەندی وێنەی داڵێکی نەخشانداووە لەسەر کێوێکی سنووری خانەقین و بە زمانی پۆڵەند ئاماژەی بە مێژووی مانەوەی خۆیان کردووە، هەروەها لە ساڵی 1940 بۆ 1941 کاتێک پۆڵەندییەکان لە خانەقین بووە، تاعون رووی لە ناوچەکە کردووە و زیاتر لە 100 کەس لە سەرباز و خەڵک گیانیان لەدەستداوە و لە گۆڕستانێک بەخاک سپێردراون.
بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییە لەو سەردەمە، پۆڵەندییەکانی والێکردووە بیر لە دروستکردنی گۆڕستانێکی تایبەت بە خۆیان بکەنەوە، بەڵام بە گوێرەی بەدواداچوونی ئەو مێژونووسە، لەسەر دەستی کەسانی نەناسراو لەم چەند ساڵەی دواییدا بەشێکی تێکدراون.
ماجد شالیار، بەڕێوەبەری مۆزەخانەی خانەقینە کە ژمارەیەک لە بەڵگەنامەکان و دیکۆمێنتەکانی ئەو مێژوویەیان ئەرشف کردووە ئەو بە 964ی وت، لە یەکێک لە بەشەکانی مۆزەخانەی خانەقین گۆشەی پۆڵۆنییەکان دروستکراوە، کە ئیدارەی مۆزەخانەکە تیایدا بایەخ بەو پارچەیە دەدات لە مێژووی شارەکە بۆ ناساندنی بە سەردانیکاران و میوانانی شارەکە، بۆ ئەو ئامانجەش چەندین جار شاندی پۆڵەندی سەردانی ئەو شوێنەیان کردووە.
لەوانەیە ئەم جلەی پۆڵەندییەکان کە سۆراغی پەیامنێری 964 دەری خست لە شارەکەدا نەماون، ئێستا نەوەکانیان لەهەرکوێ بن، هیچ لەسەر ئەو وێستگەیە نەزانن لە ژیانی باو باپیرانیان، بەڵام خانەقین هەموو شتێکی لەبیرە و گەواهی بۆ ئەوە دەدات کە مەرج نییە هەموو مێژوویەک بە قەڵەم بنوسرێت، بەڵکو هەندێک جار لەسەر سنگی چیاکانی یادەوەری نەخش دەکرێت، وەک ئەم چیرۆکەی پۆڵەندییەکان.
لە 1ی سێپتەمبەری 1939، هێزەکانی ئەڵمانیای نازی هێرشیان کردە سەر پۆڵەندا، کە بووە دەستپێکی جەنگی جیهانی دووەم، ئەم هێرشە بە “بلیتزکریگ” (جەنگی هەورەبروسکە) ناسرا، کە هێزە زرێپۆشەکان و فڕۆکە جەنگییەکانی ئەڵمانیا بە خێرایی پێشڕەوییان کرد، لە 17ی سێپتەمبەردا، یەکێتی سۆڤیەت لە رۆژهەڵاتەوە هێرشی کردە سەر پۆڵەندا، بەپێی رێککەوتننامەی نهێنی مۆلۆتۆڤ-ریبێنترۆپ. لە 6ی ئۆکتۆبەردا، دوای بەرگریی پۆڵەندا کۆتایی هات و وڵاتەکە بەتەواوی داگیرکرا، ئەوەش بوو بەهۆکاری ئاوارەبوونی هەزاران پۆڵەندی.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا