نییانە سیستمی پاڵاوتن بکڕن

پارە وایکردووە ئاوەڕۆی گەڕەکەکانی تەقتەق بڕژێتە ناو زێی بچووکەوە

964+

گۆڤەند فەتاح – تەقتەق

نەبوونی سیستەمی پاڵاوتن، بووە بەهۆکاری ئەوەی بەشێکی زۆری ئاوەڕۆ و پیسایی گەڕەکەکانی قەزای تەقتەق بڕژێتە ناو ئاوی زێی بچووکەوە، بەوەش ژینگەی زێیەکە و دەوروبەری پیس کردووە، جگە لەوەی بۆنێکی ناخۆش لە ناوچەکەوە بڵاو دەبێتەوە.

بەشێکی کەمی گەڕەکەکانی قەزاکە نەبێت کە لە چەند شوێنێکەوە ئاوەڕۆیان دەرژێتە ناو گۆم و کەنداڵانەکانەوە، ئەوانی تر هەموویان دەرژێتە زێیەکە، شارەوانیی تەقتەقیش دەڵێت دیزاینی پرۆژەکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە ئامادەکراوە، بەڵام پارەیان نییە و بودجەکەی لە توانای ئەواندا نییە تا جێبەجێی بکەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە 21.5.2025، نەمر نیاز، سەرۆکی شارەوانیی تەقتەق بە 964ی وت، پێشتر دەرخستەمان کردووە و دیزاینی پرۆژەکەمان کردووە، بۆ ئەوەی پرۆژەیەک دابمەرزێنین لە رێگەی چەند ئامێرێکەوە پاڵفتەی ئاوە پیسەکە بکات و خاوێنی بکاتەوە و دواتر لە کاری کشتوکاڵی بەکاربێت و سوودی لێ ببینرێت، بەڵام لەبەر نەبوونی بوودجەی پێویست لە بانکەکان و خەرجنەکردنی پارە بۆ پرۆژەکە، تاوەکو ئێستا ئاوەرۆی زۆربەی گەڕەکەکان دەرژێنە زێیەکە.

لە رابردوودا ژمارەی گەڕەکەکان یەکجار کەمبوون، بەڵام لەگەڵ فراوانبوونی قەزاکە، ئاوەڕۆش زیادی کردووە و بە تەواوی زێیەکە پیس دەبێت و ژینگەکەی شێواندووە، نەمر نیاز وتی، هەڵکەندنی بیر لەلایەن ماڵەکانەوە چارەسەری تەواوی کێشەکە ناکات، چونکە ئەویش بە هەمان شێوە ژینگەی ئاوی ژێر زەوی پیس دەکات و بە چارەسەرێکی گونجاوی نازانن.

زێی بچووک

رووبارێکی کوردستانە کە لە رۆژھەڵاتی کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت و بە باشووری کوردستاندا تێپەڕ دەبێت و دەڕژێتە ناو رووباری دیجلەوە، درێژایییەکەی 400 کیلۆمەترە و لە بەشێکیدا سنووری ئێران و عێراق دەستنیشان دەکات.

لە باشووری کوردستان، بەنداوی دوکان و لە رۆژھەڵاتی کوردستانیش بەنداوی سەردەشتی لەسەر دروستکراوە، پاش تێپەڕبوونی لە بەنداوی دوکان، سنووری ھەردوو پارێزگای ھەولێر و کەرکوک دیاری دەکات و دەڕژێتە دیجلە و لە کۆتاییدا تێکەڵی کەنداوی فارس دەبێت.

لە قەزای تەقتەق، لەگەڵ ئەوەی بوونی زێی بچووک جوانییەکی بەخشیوە بە ناوچەکە و گەشتیارێکی زۆر رووی تێدەکەن، بەڵام بێ کەموکوڕی نییە و هەندێک جار ئەم کێشانە جوانییەکانی ئەم شارە لە شوێنێک یان ناوچەیەک دەشێوێنن.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

نۆبەرەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی هاوین لە تەقتەق پێگەیش...

نۆبەرەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی هاوین لە تەقتەق پێگەیشتووە