ئومێد خۆشناو: 10 رۆژی تر وەڵامیان دەدرێتەوە
مەیدانی ئاژەڵانی دووی هەولێر دادەخرێت
964+
شۆڕش عەبدولستار – هەولێر
بەشێک لەدەڵاڵ و قەسابەکانی گۆڕەپانی ئاژەڵانی دووی هەولێر، لەبەردەم پارێزگای هەولێر گردبوونەوە، ئەوان کارکردن لە گۆڕەپانەکەیان لێ قەدەغە کراوە.
گۆڕەپانەکە 480 خانەی راگرتنی ئاژەڵ لەخۆدەگرێت و دوو ساڵە کاری تێدادەکرێت و لە %85ی کارەکانیشی تەواو بووە، بەڵام خەڵک مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵانی لێ ئەنجامدەدات.
ئەمڕۆ سێشەممە 14.2.2023، لەبەردەم باڵەخانەی پارێزگای هەولێر، بۆ جاری دووەم، بەشێک لە دەلاڵ و قەسابەکانی گۆرەپانی ئاژەڵانی دووی هەولێر گردبوونەوە.
ستار حاجی عەلی، یەکێک لە بەشداربووانی گردبوونەوەکە، بە تۆڕی964ی وت “گۆرەپانەکە بەشێوەیەکی یاسایی کراوەتەوە، لەرووی تەندروستییەوە هیچ کێشەیەکی نییە، مۆڵەتی وەرگرتووە خەرجیەکی زۆرمان لێیکردووە، ناکرێت ئێستا لێمان داخەن، پێویستە قەرەبووی خەرجیەکانمان بکەنەوە”.
بەوتەی بەشداربووانی گردبوونەوەکە بێت ئەوان چەند جارێک لەگەڵ پارێزگار و قایمقام کۆبوونەتەوە، بەڵام بە قسەی ئەوان تائێستا هیچ وەڵامێکیان وەرنەگرتووە.
بۆ بەدواداچوونی گرفتەکەیان تۆڕی964 پەیوەندی کرد بە ئۆمێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ئەو تەنیا هێندەی وت “لیژنەمان بۆ پێکهێناوە و 10 رۆژی تر وەڵامیان دەدرێتەوە”.
فەرهاد محەمەد، دوکانی هەیە لەو مەیدانە، دەڵێت “هیچ مەعقول نییە، گۆرەپانەکە خەریکە تەواو دەبێت، کەچی لێمان دادەخەن، شوێنەکە هەموو شتێکی تێدایە، هیچ کێشەیەکی نییە، خەڵکێکی زۆر سوودمەندە لەم پڕۆژەیە”.
گۆڕەپانی ئاژەڵانی هەولێر دوو دەکەوێتە باکووری شاری هەولێر، رووبەرەکەی 500 هەزار مەتر دووجایە، دەکەوێتە رێگای 150 مەتری هەولێر.
پێداچونەوەی فەهمی نەبی